دارستان و پاوانەکانی دهۆک: داوای بورجی دژە برووسکەمان کردووە بۆ رێگری لە ئاگرکەوتنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک رایگەیاند، ئەم ساڵ 10 جار ئاگر لە دارستانەکانی دهۆک کەوتووەتەوە. دەشڵێت، ئاگرەکانی ئەمساڵ جیاوازن و کۆنترۆڵکردنیان سەختترە.
 
کاوە سەبری، بەرێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، بەهۆی زۆریی بارانبارینی ئەم ساڵ، پووش و پەڵاشێکی زۆر لە دارستانەکان کۆبووەتەوە، ئەمەش وادەکات مەترسیی روودانی ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر و کۆنترۆڵکردنیان سەختتر بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوان بە شێوەیەکی باش هەموو ئاگرەکانیان کۆنترۆڵ کردووە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین ئاگر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە، زیانی زۆریان بە دارستان و جووتیاران و تەنانەت ئاژەڵدارانیش گەیاندووە، بەشێکی ئاگرەکانیش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بەتایبەت برووسکەوە بوون.
 
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانەکانی دهۆک ئاماژە بە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان و ژووری تایبەت لە پارێزگای دهۆک بۆ ئەو مەبەستە دەکات و دەڵێت، ئەم ساڵ 10 ئاگر لە دارستانەکانی دهۆک کەوتوونەتەوە و هۆکارەکانیش سرووشتی، ناسرووشتی و شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا بوون. هۆشداریشی دا، گەر شەڕەکە بەردەوام بێت، رەنگە لە هاوینی ئەم ساڵدا ئاگرەکان لە ناوچە سنوورییەکان زیاتر بن.
 
لەبارەی زیانەکانەوە، کاوە سەبری ئاشکرای کرد، هەفتەی داهاتوو ئاماری ئاگر و زیانەکانی رادەگەیێنن و گوتی، دەکرێت خەمڵاندن بۆ زیانەکانی سووتانی دارستانەکان بکرێت، بەڵام هەر تەنیا زیانی ماددی نین، زیانە ژینگەییەکان بۆ ئەو ناوچانە زۆر لە زیانە ماددییەکان زیاترن، چونکە دارستان تەنیا داری تێدا نییە، جگە لە دار؛ گیانەوەرەکان، خاک و ئاو و هەوای ناوچەکەش تێکدەدات، "دارێک کە تەمەنی 100 ساڵە کێ دەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە؟"
 
بەهۆی ئاگرەکانەوە بە هەزاران دۆنم زەویی جووتیاران و دارستان لە هەرێمی کورستان سووتاون، تەنیا لەم هەفتەیەدا لە سنووری شارباژێر لە ئاگرکەوتنەوەیەکدا 10 هەزار دار سووتاون، کە بەشێکیان بەردار بوون.
 
کاوە سەبری باس لە پلانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکات، کە هەوڵی داوە لە هەموو دارستانەکان هێڵی ئاگربڕ دروست بکات بۆ رێگە گرتن لە ئاگرەکان و تەشەنە نەکردنی ئاگرەکان و دەڵێت، بەو توانایانەی کە لەبەردەستیاندایە، چەندین هێڵی ئاگربڕیان لەو دارستانانە دروستکردووە کە دەستیان دەیگاتێ، بەڵام ئەگەر بودجەی پێویست بۆیان تەرخان بکرێت، دەتوانن کاری باشتر بکەن کە ساڵانە پێویستیان بە 3 تاوەکو 4 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە پلانەکانیان وەکو پێویست جێبەجێ بکەن.
 
 
بەرێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک گوتیشی، ئەوان داوای بورجی دژە برووسکەیان کردووە، بۆئەوەی رێگری لە دروستبوونی ئەو ئاگرانە بکەن کە بەهۆی برووسکەوە دەکەونەوە، بەڵام تائێستا بۆیان دابین نەکراوە.