پارکی دۆکیۆمێنتکردنی رووەکە سرووشتییەکانی سلێمانی سووتا

 
رووداو دیجیتاڵ

درەنگی شەوی رابردوو ئاگر لە پارکی هەواری شاری سلێمانی کەوتەوە، بەهۆیەوە یەکەم پارکی دۆکیۆمێنتکردنی رووەکە سرووشتییەکان لەسەر ئاستی عێراق سووتا.
 
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی لە پارکی دۆکیۆمێنتکردنی رووەکە سرووشتییەکان رایگەیاند، لە کۆی 55 دۆنم زەویی چێندراو بە رووەکە سرووشتییەکان لەسەر ئاستی عێراق، 50 دۆنم سووتاوە.
 
دڵشاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پارکی دۆکیۆمێنتکردنی رووەکە سرووشتییەکان بە رووداوی گوت، "زیانەکان یەکجار زۆرن و دارە نموونەییەکانمان سووتاون، لەوانەش بەڕوو، قەزوان، گۆیژ و بەڵالووک."
 
پەیامنێری رووداو لە سلێمانی دەڵێت ئەو پارکە 12 ساڵە خزمەت دەکرێت و بە تەواوی سووتاوە.
 
سەرپەرشتیارانی پارکەکە بۆ پاراستنی پارکەکە لە ئاگرکەوتنەوە، ئاگربڕیان بۆ پارکەکە دروستکردبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش شەوی رابردوو بە تەواوی سووتا. ئەوان دەڵێن، "بایەکە هێندە بەهێز بووە، ئاگربڕەکانی بڕیوە و لە هەموو زۆنەکانی تەشەنەی سەندووە."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین ئاگر لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە و زیانی زۆریان بە دارستان و جووتیاران و تەنانەت ئاژەڵدارانیش گەیاندووە، بەشێکی ئاگرەکان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بەتایبەت برووسکەوە، بوون.