پەرلەمانتارانی کەرکووک داوای راگرتنی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگاکە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لەسەر گومانی گەندەڵی لە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کەرکووک، پەرلەمانتارانی پارێزگاکە دوو داواکاری لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و لە رێگەی لیژنەیەکیشەوە لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێدەکەن.
 
بۆ لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایانەی لەلایەن ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی پارێزگای کەرکووکەوە پێیانگەیشتووە، پەرلەمانتارانی پارێزگاکە کۆبوونەوە.
 
بەپێی بڕیاری ژمارە 419ـی ساڵی 2019ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵانی 2023 و 2024، زیاتر لە 14 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی پارێزگاکە دابەشکراون، بەڵام ژمارەیەک فەرمانبەر سکاڵایان گەیاندووەتە پەرلەمانتاران، ئاماژەیان بە "نادادی" لە دابەشکردنی زەوییەکاندا کردووە.
 
د. گەیلان قادر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "ژمارەیەک سکاڵا بە هەموو پەرلەمانتاران گەیشتووە، بۆیە ئێمە بۆ لێکۆڵینەوە لێیان، بڕیارماندا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنین و بچینە فەرمانگەکان بۆ ئەوەی بزانین زەوییەکان چۆن و بە چی پێوەرێک دابەشکراون."
 
پێشتر هەر فەرمانگەیەک ژمارەیەک ناوی بۆ پارێزگا بەرزکردووەتەوە و بەپێی ئەوە، زەوییەکان دابەشکراون.
 
لە کۆبوونەوەکەی دوێنیاندا، پەرلەمانتاران کە کورد و عەرەب و تورکمان بوون، داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکات، سەرجەم رێکارەکانی فەرمانگەکانی شارەوانیش رابگرێت تاوەکو دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە.
 
نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەوی، داواکرا هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەک ناوی ئەو کەسانەی بەپێی ئەو خاڵ و مەرجانەی بۆیان دیاریکراوە بۆ بنێرێت، دواتر بە تیروپشک ناوی سوودمەندان بڵاوکرایەوە، بەڵام هەندێک لەوانەی زەوییان وەرگرتووە مەرج و خاڵەکانیان تێدا نییە، بە نموونە ساڵانی خزمەت و شوێنی نیشتەجێبوون و هی دیکە، بۆیە هەستمان کردووە دۆسیەکە کێشەی تێدایە و دەبێت لێکۆڵینەوەی تێدا بکەین."
 
بەگوتەی ئەرشەد ساڵحی، نوێنەری تورکمانەکانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق؛ هەندێک لەو کەسانەی لە بڕیاری وەرگرتنی زەوی سوودمەندبوون، بە پێنج ساڵ خزمەتەوە زەوییان وەرگرتووە، لەکاتێکدا بەپێی رێکارەکان دەبێت ساڵانی خزمەت لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت، هەندێکیش لە سوودمەندبووان ئەوانەن کە نیشتەجێی کەرکووک نین.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارە 19ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2019، بڕیاری دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەران دا، لە هەر پارێزگایەک لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی پارێزگار یان سەرۆکی یەکەی کارگێڕی و بەڕێوەبەری شارەوانی و بەڕێوەبەری موڵکەکانی شارەوانی بۆ ئەو مەبەستە پێکدەهێندرێت.