رووداو دیجیتاڵ
لە دیلۆکی باکووری کوردستان، تیمێک خەریکی راهێنانن بۆ گرتنەوەی ئەو ئاژەڵانەی قوربانی، کە لەدەست خاوەنەکانیان یان قەسابەکان رادەکەن.
جەلال ئۆزسۆیەر، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پاراستنی سرووشت لە دیلۆک لەبارەی کاری تیمەکەوە دەڵێ "هەرکاتێک هاوڕێیانمان هەواڵی بەرەڵابوونی مانگای قوربانییان پێدەگات، راستەوخۆ دەچنە شوێنی رووداوەکە. مانگاکە دەگرن و رادەستی خاوەنەکەی دەکەنەوە."
هەروەها دەڵێ تیمەکە "یەکەمجار هەوڵدەدەن لەڕێی گوریسەوە بیگرنەوە. ئەگەر زانیان ئەمە سوودی نییە و زیان بە دەوروبەر دەگەیێنێت، تفەنگی سڕکردن بەکاردەهێنن و مانگاکە رادەست دەکەنەوە."
تیمەکە دوای راهێنان، هەنگاوەکان لەسەر مانگا جێبەجێ دەکەن، ئەگەر بە گوریس نەگیرا، تفەنگی سڕکەر بەکاردەهێندرێت.
جەلال ئۆزسۆیەر هەروەها دەڵێ "چەند بەشێکی دیاریکراو هەن. بەشی پێشەوەی، بەشی دواوە و بەشی ملی، گونجاون بۆ لێدان. دەتوانن بەمجۆرە سڕی بکەن و دەبوورێتەوە. لەوکاتەدا تیمی ڤێتێرنەریمان لەوێ دەبن و پێتاندەڵێن کە دەبێت چەند سیسی بەنج بەکاربهێنن."
بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پاراستنی سرووشت بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ، تیمێکی 15 کەسیی پێکهێناوە.
هاونیشتمانیان لەکاتی بەرەڵابوونی ئاژەڵی قوربانی، دەتوانن پەیوەندی بە 153 بکەن و داوای هاوکاری بکەن.
تیمەکە لە رۆژی عەرەفەوە تاوەکو چوارەمین رۆژی جەژن، لە ئامادەباشیدا دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ