دوو بەندکراوی بەندیخانەی ئیلام مان لە خواردن دەگرن

رووداو دیجیتاڵ

دوو دەستگیرکراوی خەڵکی  شاری ئاودانان، کە لە زیندانی شاری ئیلامن، وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی "ئەشکەنجەدان و درێژەکێشانی ماوەی راگرتنیان لە زیندان"، مانیان لە خواردن گرتووە.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، ناسر رەزایی و محەممەد دانیالی، لە رۆژی 09.06.2023ـوە لە بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئیلام مانیان لە خواردن گرتووە.
 
ناسر رەزایی، خەڵکی شاری ئاودانانە لە پارێزگای ئیلام، رۆژی 22.05.2023 لە شاری ئەهواز لە پارێزگای خوزستان دەستبەسەر کراوە. محەممەد دانیال، ئەندامی گرووپی شاخەوانی "بنار"ـی ئاودانانە و رۆژی 14.05.2023 لە شاری دێلران، لە پارێزگای ئیلام، دەستبەسەر کراوە.
 
تاوەکو ئێستا رێگە بەو دوو هاونیشتمانییە نەدراوە کەسوکاریان ببینن و پارێزەریشیان نییە.
 
لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەیان هاونیشتمانی خەڵکی شاری ئاودانان بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون.
 
یەکەم رۆژی ئەم مانگە، خەڵکی ئاودانان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی گیانلەدەستدانی بامشاد سلێمانخانی، دووکان و بازاڕیان داخست و شەوەکەشی هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
 
بەگوتەی چالاکڤانانی خەڵکی ئیلام، بامشاد سلێمانخانی، کە دانیشتووی شاری ئاودانان بوو، رۆژی 24.05.2023 لەلایەن ئیتلاعاتی شاری دێلرانەوە دەستبەسەر کراوە، هەمان رۆژ گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام شەو تەندروستیی تێکچووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.