ڤیدیۆ.. کرێنێک لە سلێمانی تێکدەشکێت و سێ کرێکار گیان لەدەستدەدەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە دیمەنی کەوتنەخوارەوەی کرێن تاوەری پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دەبینن کە بەهۆیەوە سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش برینداربوو.
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە، 11-6-2023، لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی روویدا. داروین سیروان، شایەتحاڵی رووداوەکەیە و گوتی، "خێرا رامکرد بۆ لای کرێنەکە، بینیم سێ کرێکار لەژێر کرێنەکەدا بوون و مردبوون، دووانی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان برینەکانی سەختبوو و خەریکبوو دەمرد. کرێنەکەش لەکاتی بەرزکردنەوەیدابوو کە کەوتبوو."
هێدی سەلام، ئەندازیاری ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەیە کە کرێنەکەی تێدا تێکشکا، دەڵێت: دوێنێ کرێنەکە بەرزکرابووەوە و "هیچ گرفتێکی نەبوو،" ئەمڕۆش کاری تێداکراوە، ئەمڕۆش کرێکارەکان هاتوون کاریان تێدا دەکرد، بەڵام کەوت.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کراوە و هێشتا ئەنجامەکەی لەلایەن بەرگریی شارستانییەوە رانەگەیێندراوە، بەڵام سەندیکای کرێکارانی بیناسازی هۆکاری رووداوەکە ئاشکرادەکات.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی کوردستان رایگەیاند، کەوتنی کرێن تاوەر چەند هۆکارێکی هەیە، یان زەوییەکەی فشەڵ و تەڕە و دادەچۆڕێت، یان باران و رەشەبایەکی بەهێز هاوسەنگی تێکدەدات، "ئێستاش هیچ کام لەم هۆکارانە نین، بۆیە هۆکاری کەوتنی کرێن تاوەرەکە هاوسەنگی تێکچوونە بەهۆی باش نەبەستنی ئاسنەکان، کۆنی، قورسی و باش نۆژەننەکردنەوەوەیە."
کرێکارەکان ناویان حیکمەت ئەحمەد، عەبدولسەلام یونس و سادق محەممەدن، کە تەمەنیان 49 ساڵ، 38 ساڵ و 37 ساڵن، هەرسێکیان خەڵکی موسڵن، بریندارەکەش محەممەدی تەمەن 46 ساڵە و خەڵکی سووریایە. بە گوتەی گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی، باری تەندروستیی بریندارەکە ناجێگیرە.
بەپێی ئاماری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە سلێمانی 11 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.