رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئاکرێ دەڵێت "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا و بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییەوە 18 بیری ئاومان وشک بوون، بەڵام حکومەت رەزامەندی پیشانداوە لەسەر لێدانەوەی ئەو بیرانە".
زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئاکرێ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند "دوای گەڕانەوەی بەشێک لە خەڵکی ئاکرێ لە موسڵەوە بەهۆی مەترسییەکانی تیرۆر لە ساڵانی 2007 تا 2014، ئاکرێ بەرفراوانبوونێکی نائاسایی بەخۆوە بینیوە و 8 بۆ 9 گەڕەکی تازە دروست بوون. لەو کاتەوە هیچ پڕۆژەیەک بۆ ئەو گەڕەکانە نەکراوە، ئەوەش بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە؛ بۆیە ئێستا گەورەترین گرفتی دانیشتووانی ئاکرێ، کەمئاوییە".
لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان بۆ چارەسەری گرفتی کەمئاوی، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ دەڵێت، "گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی ئاوی ناوچەکە هەبووە و 18 بیرمان وشك بوون، بەڵام ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی پیشاندا لەسەر لێدانەوەی هەر 18 بیرەکە و تائێستا پێنج بیریمان لێداونەتەوە".
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ئاکرێ گوتی، ئەوەی کراوە "چارەسەری بنەڕەتی کێشەی کەمئاوی ناکات؛ دەبێت پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ تەواو بکرێت کە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و ئەویش لە 2013-8-10 دەست بە جێبەجێکردنی کرا. بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و رۆیشتنی کۆمپانیاکە دوای هێرشەکانی داعش و دواتریش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواو نەکرا. ئێستا کۆمپانیا ئێرانییەکە دوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانی و پێدانی 8 ملیار دیناری دیکە، بڕیارە لەم رۆژانەدا دەست بە کارەکانی بکاتەوە و دەبێت لەماوەی 14 مانگدا پڕۆژەکە تەواو بکات".
بەگوتەی ئەندازیار زرار ئەحمەد، "65%ـی پڕۆژەکە تەواو بووە و بە تەواوبوونی، ئاکرێ و ناحیەی بجیل و دەیان گوند سوودمەند دەبن؛ بۆیە بە تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە کێشەی ئاوی ئاکرێ چارەسەر دەبێت''.
سەبارەت بە پیسبوونی ئاوی گەڕەکی گەلیی عەبدولعەزیز و مەهەتی لە ئاکرێ کە چەندین رۆژە ئەو ئاوەی پێیان دەگات رەنگی قاوەییە، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ گوتی، "ئاگاداری گرفتەکەین و نزیکەی 30 ماڵی ئەو گەڕەکە ئاوی خواردنەوەیان تێکەڵ بە ئاوی قورس بووە؛ بۆیە پێمان گوتوون؛ تاوەکو چارەسەری دەکەین، ئاوەکە بەکارنەهێنن؛ لەبەرامبەردا ئێمە لە رێگەی تانکەرەوە رۆژانە ئاوی پاکمان بۆ بردوون. ئێستا (پێنج) شوێنمان دەستنیشان کردووە کە گومانی شکانی بۆری لێدەکرێت و، ئەمڕۆ یەکشەممە دەست بە کار دەکەین و چارەسەری دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ