عەلی حەمەساڵح: پاڵاوگەی کار بەتەنیا دەتوانێت پێداویستیی بەنزینی هەرێمی کوردستان دابین بکات

11-06-2022
هیدایەت جان
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان
نیشانەکردن بەنزین پاڵاوتگە
A+ A-

رووداو هەولێر

سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، زۆربەی ئەو بەنزینەی لە هەرێمی کوردستان هەیە هەر بەنزین نییە و تێکەڵەی نەفتا و چەند ماددەیەکی پەترۆکیمیاییە و، دەشڵێت: "پاڵاوگەی کار بە تەنیا دەتوانێت پێداویستیی بەنزینی هەرێمی کوردستان دابین بکات".
 
رۆژی شەممە، 11-6-2022، عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکەشی دەکات و، رایگەیاند: "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەناوی بەنزین دەفرۆشرێت، بەشێکی بەنزین نییە، چەند نموونەیەکمان ناردووەتە تورکیا بۆ پشکنین، دەرکەوتووە تێکەڵەی نەفتا و میتانۆڵ و بەرزکەرەوەی ئۆکتان و کۆمەڵێک مادەی پترۆکیمیایین".
 
عەلی حەمەساڵح گوتی: "لەگەڵ بەرزبوونەوەی گەرما ماددە پترۆکیمیاییەکەی دەبێت بە هەڵم و نەفتاکەی دەمێنێتەوە، ئەگەر سەری تانکی بەنزینەکە رۆژانە نەکەیتەوە بۆ ئەوەی هەڵمەکە دەربچێت، ئەگەر هەیە ئۆتۆمبێل ئاگربگرێت یان بتەقێتەوە، ئەگەر سەری تانکییەکەشت کردەوە، بەتەنیا نەفتاکە دەمێنێتەوە کە ئەویش زیان بە مەکینەی ئۆتۆمبێل دەگەیێنێت".
 
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، کوالیتیی گازوایلیش هاوشێوەی بەنزینەکە خراپە؛ "ئەو گازوایلەی بۆ موەلیدەکان بەکاردێت، ژەهرە و دەکرێتە قوڕگی خەڵکەوە، کوالیتی ئەوەندە خراپە کە پشکنینی راگیراوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە پاڵاوگەی لاناس لە هەرێمی کوردستان باشترین گازوایل بەرهەمدەهێنێت، بەڵام رەوانەی تورکیا و ئێرانی دەکات".
 
عەلی حەمەساڵح هۆشداریی دەدات و دەڵێت: "کاریگەری ئەو گازوایلە خراپە ئەنجامێکی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە پار بەپێی داتای نەخۆشخانەی هیوا رۆژانە 10 کەس لە پارێزگای سلێمانی تووشی شێرپەنجە دەبوو، بەڵام ئەمساڵ ئامارەکە هەڵکشاوە بۆ 15 کەس و ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوامبێت، ساڵی داهاتوو ژمارەکە دەگاتە رۆژانە 23 کەس".
 
لەبارەی چارەسەری قەیرانی بەنزین، ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستەڕوو: "تەنیا یەک چارەسەر هەیە بۆ نەمانی گرفتی بەنزین لە هەرێمی کوردستان، ئەویش دابینکردنی نەوتی زیاترە بۆ پاڵاوگەکان، ئێستا رۆژانە 23 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رێگەی کۆمپانیای کارەوە دەپاڵێورێت، کە ئەوە تەنیا یەک ملیۆن لیتر بەنزینی لێ بەرهەمدێت".
 
گوتیشی: "تەنیا پاڵاوگەی کار دەتوانێت پێداویستیی سووتەمەنی هەموو هەرێمی کوردستان دابین بکات، ئەو پاڵاوگەیە توانای پاڵاوتنی 175 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەیە، بەڵام ئێستا رۆژانە 23 بۆ 25 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنێت".
 
پێداویستیی هەرێمی کوردستان بۆ بەنزین، رۆژانە پێنج ملیۆن لیترە و عەلی حەمەساڵح باس لەوە دەکات، "ئەگەر پاڵاوگەی کار چوار ملیۆن لیتر بەرهەمبهێنێت، یەک ملیۆن لیتریش لە عێراقەوە هاوردە دەکرێت، کێشەی بەنزین لە هەرێمی کوردستان چارەسەردەبێت".
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە: "ئەگەر حکومەت نەوت لەناوخۆ بپاڵێوێت، بۆ هەر بەرمیلێک 14 دۆلار نرخی گواستنەوەی بۆری و داشکاندنی هەر بەرمیلێک کە حکومەت 14 دۆلار هەرزانتر دەیفرۆشێت، دەگەڕێتەوە و بەپێی راپۆرتی دیلۆیتیش ئەو نەوتەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە بێجگە لە گەڕانەوەی کرێی بۆری، 11 دۆلار گرانتر بووە لەوەی حکومەت لە بازاڕی جیهانی فرۆشتوویەتی".
 
کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان نیازی هەیە پەرە بە بەرهەمهێنانی زیاتری غاز بدات و ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 20٪ بەرز بکاتەوە، وەکو عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێدەدات: "نیوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی نەبوونی غازەوە کارناکەن".
 
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێستا 440 ملیۆن پێی سێجا غاز دابین دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بۆ بنبڕکردنی کێشەی کارەباش پێویستمان بە 800 ملیۆن پێ سێجا غاز هەیە، زیادبوونی بەرهەمی غازی کۆرمۆر بە رێژەی 20٪ دەتوانێت دۆخەکە هەندێک باشتر بکات، بەڵام چارەسەری تەواوەتی ناکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی رێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ. وێنە: AFP

عێراق تاوتوێی بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەکات

دوای زیاتر لە 16 ساڵ راوەستان، عێراق دانوستاندنەکانی بۆ بەئەندامبوون لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەی گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانیی دەرەکی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: خۆیان بۆ کۆبوونەوەی سێیەم لەگەڵ تیمی تایبەت بۆ بەئەندامبوونی عێراق ئامادە دەکەن.