رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر کۆبووەوە و باسیان لە چۆنێتیی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی قۆناخی داهاتوو کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 11-6-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد حەلبوسی، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق کراوە. هەروەها بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی قۆناخی داهاتوو.
سەردانەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی چوارشەممە 08-06-2022 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێک لە زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی دەستپێشخەرییەکی بۆ لایەنە عێراقییەکان راگەیاند.
نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، مانەوەی عێراق بەندە بە پاراستنی تەواوی پێکهاتەکان، "هەنگاوەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی عێراق بەردەوام دەبێت و بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
دوای نزیکەی هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئێستاش بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکانەوە حکومەتی عێراق پێکنەهاتووە. لایەنەکان بەشێوەیەکی سەرەکیی دابەشی دوو بەرە بوون، لایەنێکیان هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمانە کە لە رەوتی سەدر و پارتی و هاوپەیمانیی سەروەریی سووننەکان پێکهاتووە. لایەنەکەی دیکەش چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ