کۆمارییەکانی ئەمریکا؛ حەشدی شەعبی هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان

رووداو - هەولێر

کۆمیتەی توێژینەوەی کۆمارییەکان لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا راپۆرتێکیان بەناونیشانی بەهێزکردنی ئەمریکا و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیهانییەکان بڵاوکردووەتەوە و لە راپۆرتەکەدا سەرنجیان خستووەتە سەر هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە بە وەکالەتەکانیان لە عێراق.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڕەشەن بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل، هەرێمی کوردستان و چەند هاوبەشێکی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکە.

راپۆرتەکە دەڵێت: "پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە وەزارەتی دەرەوە بکات، ژمارەیەک لە گرووپە پشتیوانیلێکراوەکانی ئێران لە عێراق و سووریا بخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆرستییە بیانییەکان کە تائێستا وەک گرووپێکی تیرۆرستی نەناسێندراون".

لە راپۆرتەکەدا ناوی رێکخراوی بەدر، کە لەلایەن هادی عامری سەرۆکایەتی دەکرێت، هاتووە و نووسراوە: "رێکخراوی بەدر هەر لە شەڕی عێراق و ئێرانەوە لایەنگری ئێران بووە و لە بەرەی ئێران شەڕی عێراقی کردووە، هەروەها هادی عامری دەستی هەبووە لە هێرشە تیرۆرستییەکانی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە کانوونی یەکەمی 2019، ئەمەش لە کاتێکدایە کە رێکخراوی بەدەر بەردەوامە لە دانانی هەژموونی زیاتر لەسەر عێراق و دەستگرتن بەسەر پۆستە باڵاکان لە وەزارەتی بەرگری و پۆلیسی فیدراڵیی عێراقی، کە لەلایەن ئەمریکاوە هاوکاری دەکرێن بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش".

کۆمیتەی توێژینەوەی سەر بە پارتی کۆماری لە راپۆرتەکەیدا داوا دەکات: "رێکخراوی بەدر و هادی عامری و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەی ئێران لە عێراق بخرێنە لیستی تیرۆری ئەمریکا، وەک کەتائیبی ئیمام عەلی، سەرایای خوراسانی، کەتائیبی سەید ئەلشوهەدا، لیوای ئەبوفەزڵ عەباس، بزووتنەوەی ئەوفیا، بزووتنەوەی جوندی ئیسلام و سەرایای عاشوورا".

لە راپۆرتەکەدا باس لە دژایەتیی گرووپەکانی نزیک لە ئێران بۆ هێزەکانی  ئەمریکا کراوە و هاتووە: "میلیشیاکانی عێراق بەتەنیا سەر بە ئێران نین، بەڵکو لە نیسانی 2020 راگەیێندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و بەڵێنیانداوە رووبەڕووی ئەمریکا ببنەوە لە عێراق".

کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوا دەکەن، کۆنگرێس داوا لە وەزارەتی دەرەوە بکات ساڵانە راپۆرتێک بڵاوبکاتەوە و لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەو کۆمپانیا و ناوەندانە بدات کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای قودسن لە عێراق.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیاری ئیدارەی باراک ئۆباما بۆ کارکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق لە شەڕی دژ بە داعش وایکرد دەرئەنجامی کارەساتباری هەبێت، ئەم ستراتیژییە هەڵەیە ئێرانی لە ناوچەکە بەهێزترکرد کە ئێستا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورەتر لە داعش و هەروەها بووەتە هۆکاری زیادبوونی هەژموونی تایفەگەری لە عێراق و سووریا، کە ئەمەش هەلومەرجێکی لەباری بۆ دووبارە دەرکەوتنەوەی داعش و سەلەفی جیهادی تیرۆرستی دروستکردووە.

راپۆرتەکە بەپشت بەستن بە راپۆرتێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ''پێنتاگۆن" دەڵێت: "ژمارەی میلیشاکانی سەر بە ئێران 100 هەزار چەکدار دەبن، ئەمەش لەکاتێکدایە ژمارەی چەکدارانی داعش کاتێک زۆرترین چەکداری هەبووە تەنیا 33 هەزار چەکداربوون. هەروەها هێزەکانی سەر بە ئێران ناوچەیەکی فراوانتر لەوەی داعش هەیبوو، لە ژێر کۆنترۆڵدایە".

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ هێزە بە وەکالەتەکانی لە عێراق، 4 ملیار دۆلاری بۆ حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، 1 ملیار دۆلار بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی، 50 ملیۆن دۆلاری بۆ حەماسی فەڵەستینی و 70 ملیۆن دۆلار بۆ جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی خەرجکردووە.

کۆمیتەکە داوادەکات وەزارەتی دەرەوە مەترسیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بە جیدی وەربگرێت و هاوکات چاو بە هاوکارییە داراییەکانی بۆ حکومەتی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش بخشێنێتەوە، کە ئەو گرووپانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پشتیوانی دەکرێن و پارەیان پێدەدرێت.

راپۆرتەکەدا کۆی ئەو هاوکاریانەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە عێراق دراوە لە شەڕی دژ بە داعش خستووەتەڕوو و دەڵێت: "لە ساڵی 2014ەوە تائێستا ئەمریکا 1.2 ملیار دۆلاری لە چوارچێوەی هاوکاری دارایی بۆ هێزی سەربازی بیانی بە عێراق داوە، هەروەها لە هەمان ماوەدا، 4.2 ملیۆن دۆلاری دیکەی وەک هاوکاری بۆ مەشق و راهێنانی سەربازی بۆ عێراق تەرخانکردووە. لەگەڵ ئەمەشدا لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی پێشووی ئەمریکا تایبەت بە مەشق و راهێنانی سەربازی و پڕچەککردن 4 ملیار دۆلاری دیکەی بۆ شەڕی دژ بە داعش بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەرخانکردووە. ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی کاتەکاندا وەزارەتی بەرگریی عێراق لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە بەوەکالەتەکانی سەر بە ئێران بووە".

کۆمیتەی توێژینەوەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەلایەن مایک جۆنسن، سەرۆکایەتی دەکرێت و 12 ئەندامی سەرەکی هەیە. کۆمیتەکە ساڵانە ئەندامەکانی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران دەگۆڕدرێت.

 کۆمیتەی توێژینەوەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ساڵی 1973 دامەزراوە و لە ساڵی 2005 بۆ 2007 مایک پێنس، کە ئێستا جێگری سەرۆکی ئەمریکایە، سەرۆکی ئەم کۆمیتەیە بوو.

کارەکانی کۆمیتەکە زیاتر سەرنجیان لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی،  کەمکردنەوەی خەرجییە نابەرگرییەکان، رێککەوتنی ئازادی بازرگانی،  مافی هەڵگرتنی چەک، بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتییە، لە ساڵی 1995ەوە ساڵانە پڕۆژەیاسای بودجەی جێگرەوە  لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەدەکەن.