ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە ماڵەکانیان کەرەنتین دەکرێن

رووداو - هەولێر

دوای تووشبوونی پەرلەمانتارێک و ژمارەیەک فەرمانبەری پەرلەمان بە کۆرۆنا، پەرلەمانی کورستان کارەکانی  بۆ ماوەی دوو هەفتە راگرت. ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان کەرەنتین دەکرێن، پێویستە 14 رۆژ تێکەڵاوی خەڵک نەبن."

د. گەلاوێژ عوبێد، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند: "تووشبووانی پەرلەمان بەرکەوتەیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکەدا هەبووە، بۆیە ماوەی 14 رۆژ دەوامی فەرمی پەرلەمانی کوردستان راگیراوە و پێویستە پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرلەمان بۆ 14 رۆژ لە ماڵەکانیان خۆیان کەرەنتین بکەن و تێکەڵاوی خەڵک و ئەندامانی خێزانەکانیشیان نەبن."

رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پشکنینیان بۆ 197 کەس لە ئەندامانی پەرلەمان، فەرمانبەران و دەستەی سەرۆکایەتی کردووە کە بەشێکیان پۆزەتیڤ بوون "بۆیە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، سەرجەم کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە رابگرێت". 

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی تەندروستی، هۆکاری گواستنەوەی کۆرۆنا بۆ پەرلەمان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی: "بەهۆی تێکەڵبوونی پەرلەمانتاران لەگەڵ خەڵک ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە پەرلەمان."

لە راگەیێندراوی پەرلەمانی کوردستاندا لەبارەی ئەنجامی پشکنینەکان هاتووە: "بەداخەوە، چەند ئەنجامێکی پۆزەتیڤ لەو پشکنینانەدا هەن و دواتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە وردەکارییەکان رادەگەیێندرێن".

پێشتر سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "ئەنجامی چوار پشکنین لە پەرلەمانی کوردستان پۆزەتیڤ بوون و یەکێکیان ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە".

د. گەلاوێژ عوبێد دەڵێت سەرەڕای خۆپارێزییەکی زۆر، ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە پەرلەمان و گوتی: "هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە پەرلەمان، کەسێکە کە پلەکەی شارەزایە." 

سەبارەت بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "رۆژانە رێکارەکانی خۆپارێزی گۆڕانکارییان بەسەردێت. رێژەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەندە بە خۆپارێزیی تاکەوە."

بەپێی راگەیەنراوەکەی پەرلەمان تائێستا  197 فەرمانبەر و پەرلەمانتاری پشکنینی کۆرۆنایان بۆکراوە، بەڵام گەلاوێژ عوبێد دەڵێت: "ئەو پەرلەمانتارانەی کە پشکنینیان بۆ نەکراوە، پێویستە بەزووترین کات پشکنینی کۆرۆنایان بۆ بکرێت و ماوەی 14 رۆژ هیچ تێکەڵاویەکیان لەگەڵ خەڵک نەبێت."

بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 2020/06/09 دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و بەرنامە بۆ چۆنیەتیی کۆبوونەوەکانی داهاتوو دابنرێت.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە (رووداو)ی گوت: "بڕیار بوو کۆببینەوە، بەڵام تیمی تەندروستی لێرە بوون و پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرا و بڕیاردرا دوای دەرچوونی ئەنجامەکان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیار لەبارەی کۆبوونەوەوە بدات".

هەرچەندە لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تائێستا بە فەرمی رای نەگەیاندووە کە جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەنرێت، بەڵام دەنگۆی قەدەخەی هاتوچۆ لە نێو خەڵکدا هەیە، بە تایبەتی دوای کەرەنتینکردنی قەزای چۆمان بۆ ماوەی دوو هەفتە و راگەیاندنی قەدەخەی هاتوچۆ لە شاری کۆیە بۆ ماوەی سێ رۆژ.

ئەو پەرلەمانتارە، کە هاوکات پزیشکیشە، دەڵێت: "قەدەخەی هاتووچۆ هێندەی خۆپارێزی تاک سوودی نابێت. بۆیە نابێت حکومەت بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆوە  گوزەرانی خەڵک بوەستێنێت، چونکە قەدەخەی هاتووچۆ کاریگەری خراپی لەسەر دابینکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان دەبێت."

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تائێستا هەزار و 709 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 551 تووشبوو چارەسەرکراون، 30 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.