خوێندنی باڵا بۆ رووداو: ناوی سێ یەکەمەکان بۆ دامەزراندن دەنێرینە بەغدا

11-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ زانکۆکان کۆدەبێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتەکە دەڵێت، ناوی هەموویان رەوانەی بەغدا دەکرێن بۆ دامەزراندن.
 
دوێنێ وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نووسراوێک داوای لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە پێنج رۆژدا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی ساڵانی (2017 - 2018) تاوەکو (2022 - 2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
 
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە 11ی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوی بۆ کردووین بۆ ناوی سێ یەکەمەکان، ئێمە زانیارییەکان نوێ دەکەینەوە و دواتر هەمووی دەنێردرێتە بەغدا."
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرانی تۆماری گشتیی زانکۆکان کردووە، رۆژی یەکشەممە 12-05-2024، لە دیوانی وەزارەت ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە.
 
توانا نەجەف دەڵێت، بە بەغدا دەڵێن تاوەکو ئەمڕۆ بە هۆکاری جیا نەیانتوانیوە سێ یەکەمەکان دابمەزرێنن و دەشیانەوێت بزانن تێچووی دامەزراندنەکە چەندە. گوتیشی، "رەزامەندیی دامەزراندنی یەکەمەکان بدرێت، گرێبەست نابێت و هەمیشەیی دەبێت."
 
نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاماژەی بە نووسراوی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ چارەسەرکردنی بابەتی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
 
نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە (1928)ـە و لە 25ی نیسانی 2024 دەرچووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.