هەڵبژاردنی شارەوانی لە رۆژئاوای کوردستان دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دواخراوە و رۆژی 11-6-2024 بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەو هەڵبژاردنەی شارەوانی کە بڕیار بوو رۆژی 30-5-2024 لە حەوت کانتۆنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڕێوەبچێت، دواخرا و رۆژی 11-6-2024 بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی زانیاریی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا یەک هاوپەیمانیی هەیە کە 18 پارتی سیاسیی لەخۆ دەگرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی پارتەکانی نێو ئەم هاوپەیمانییە زیاد بن. هەروەها چاوەڕێ دەکرێت چەند هاوپەیمانییەکی دیکەش پێکبهێنرێن.
بەپێی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کۆی 6 ملیۆن نیشتەجێی ئەو سنوورە، 3 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.