لە گەڕەکی نووسەرانی هەولێر ئاگر لە دووکانێکی جلوبەرگی منداڵان کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دووکانێکی گەورەی جلوبەرگ و یاری منداڵان لە هەولێر ئاگری تێبەربوو و دوای کاژێر و نیوێک، بەرگری شارستانیی هەولێر کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی راگەیاند.
 
رۆژی شەممە، 11ـی ئایاری 2024، لە گەڕەکی نووسەرانی شاری هەولێر ئاگر لە دووکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگ و یاریی منداڵان کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگری شارستانی دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و زیانی گیانیی نەبووە.
 
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی ئاگرەکە کاژێر 3:20 خولەک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە دووکانێکی گەورەی کەلوپەل و یاریی منداڵان سووتاوە. 
 
شایەتحاڵێک لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت؛ سەرەتا دووکەڵێکی کز لە بەشی پستەوەی دووکانەکە هەبوو، "ئاگادارم کردنەوە، بەڵام بە هەندیان وەرنەگرت، بۆیە پەیوەندیم بە تیمی ئاگرکوژێنەوەی بەرگری شارستانییەوە کرد و بەر لە گەیشتنی تیمەکان ئاگرەکە کڵپەی کرد و گەورە بوویەوە."
 
هاوکات، خاوەنی دووکانەکە بۆ رووداو باسی لە چۆنییەتی ئاگرکەوتنەوەکە کرد: "سەرەتا لە بەشی پشتەوەی دووکانەکە ئاگرەکە دروستبوو، بەڵام دواتر تەشەنەی کرد."
 
وەکو ئاماژەشی پێدەدات چەند کارمەندێک لە دووکانەکەدا گیریان خواردبوو و لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی رزگارکران.
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش گوتی، تاوەکو ئێستا دیار نییە، بەڵام زیانێکی مادیی زۆرمان پێگەیشتووە کە لەوانەیە نزیکەی 500 هەزار دۆلار بێت.
 
دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کاژێر 03:20 خولەکی ئێوارە ئاگر لە شوێنێکی فرۆشتنی جلوبەرگی منداڵان بەناوی 'بەیبی لاند' کەوتەوە. ئێستا ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانمانەوە کۆنترۆڵ کراوە".
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە و قەبارەی زیانەکانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی: "ئاگرەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، دوای لێکۆڵینەوەی تیمەکانمان، قەبارەی زیانەکان و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە رادەگەیەنین."