چاپخانەیەکی سلێمانی: پۆستەر و وێنەمان بۆ چەند بەربژێرێکی هەڵبژاردن چاپکردووە

11-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەگەر رێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رانەگیرابان، ئەمڕۆ دووەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەبوو، دواخستنەکە کاری چاپخانەکانیشی راگرتووە. یەکێک لە چاپخانەکانی سلێمانی دەڵێت، رێکلامیان بۆ دوو بەربژێر تەواو کردووە و ئەوانی دیکە گوتوویانە کارەکانیان راگرێت.
 
بڕیار بوو 10ـی حویزەران بانگەشە دەستپێبکات، لەکاتی دەستپێکردنی بانگەشەدا بازاڕی چاپخانە و ناوەندەکانی رێکلام دەبووژێتەوە، بەڵام ئەم ساڵ ناکۆکی بۆ کات و شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، کاری ئەوانیشی سست کرد.
 
زینە جەمال، لە بەشی کارگێڕیی کۆمپانیای شێرکۆ بۆ چاپ و رێکلام لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "حیزب گفتوگۆی لەگەڵ کردووین بۆ رێکلامکردن و داوایانکرد لە ئامادەباشیدابین، بەڵام کە گوترا هەڵبژاردن دوادەخرێت گوتیان کارەکان رابگرن".
 
زینە جەمال دەشڵێت، وەکو بەربژێریش حەوت بەربژێر سەردانیان کردوون کاریان بۆ بکەن، کاری دووانیان تەواو بووە و ئەوانی دیکەش گوتوویانە کارەکانیان رابگرن.
 
10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرابوو، بەڵام 7ـی ئایاری 2024، دادگەی باڵای فیدراڵی داوای راگرتنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بڕگەی دووەمی مادەی 2ـی سیستمی تۆمارکردنی بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، ئەوەش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو داوایەی لە سکاڵایەکدا کردبوو.
 
رۆژێ دوای بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، رێکارە تەکنیکی و داراییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگیراون، تاوەکو ئەو سکاڵایە یەکلادەبێتەوە کە لە دادگەی باڵای فیدراڵی تۆمارکراوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.