وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هانی هەولێر و بەغدا دەدەین رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن

 
رووداو - واشنتن

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پشتیوانیی تەواو لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکات، هانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەدات هەنگاوی پێویست بنێن بۆ جێبەجێکردن و چارەسەکردنی پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال و دابینکردنی پێویستییەکانیان.
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستای شنگال و کێشەی کوردانی ئێزدی، ئێوارەی رۆژی هەینی گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان، ئەم ساڵ بیرهێنانەوەیەکی زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی پێویستییەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی."
 
سەبارەت بە رێککەوتنی شنگالیش، کە لە ساڵی 2020 ئەنجامدراوە و تائێستا جێبەجێ نەکراوە، ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "ئەمریکا هانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات، هەنگاوی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و بەرەوپێشبردنی قۆناخی راگوزەری دادگاییکردن و لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعش."
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر، ئوزرا زیا، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی وڵاتەکەیانی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنی شنگال لەگەڵ حکومەتەکانی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
 
هەروەها راشیگەیاند، ئەمریکا هانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات، راستەوخۆ راوێژ لەگەڵ پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان بکەن بۆ چارەسەرکردنی پێویستییەکانیان، لەنێویاندا، لە رێگەی پڕۆژەی بنیادنانەوە و پەرەپێدانی نوێ لە شنگال، زێدی ئێزدییەکان. هەروەها چارەسەری ئاستەنگە ئەمنییەکان بکەن و چارەسەرێکی درێژخایەن و دەرفەتێکی سەلامەت، خۆبەخشخانە و شکۆمەندانە بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بدۆزنەوە.