سەرۆک بارزانی بۆ هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکان: لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، داوای لە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد، بۆ لادانی تەمومژی ناکۆکییەکان کۆببنەوە، هەروەها داوای لە لایەنە سیاسییەکانیش کرد، پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان هەر بەو مەبەستە بکەن و لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 11-05-2023، سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن''.
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش ئەم کۆبوونەوەیە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن".
 
جگە لە سەرکردە و کەسایەتیی سیاسیی وڵاتان، زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەشداری رێوڕەسمەکە بوون، سەرۆک بارزانی لەوبارەوە گوتی ''ئەم بەشداریکردنە بەربەرینە، بە مانای ئەوەیە؛ بارزان لە سەرووی حیزبایەتیی تەسک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوە''.
 
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "نابێ لایەنە سیاسییەکان چی دیکە یەکدی بشکێنن. دەرفەتێکی باش هاتووەتە ئاراوە، و بە دژایەتیی یەکدی، کەس هیچی دەستناکەوێت"، گوتیشی، ''خۆشم ئامادەم هەرچی پێم بکرێت بۆ ئەم ئاراستەیە بیکەم''.
 
هەرچەندە لەم دواییانەدا پارتی و یەکێتی بڕیاریاندا شەڕی راگەیاندن دژی یەکدی رابگرن، بەڵام بەشێک لە ململانێی سیاسیی ئەم دوولایەنە، لە راگەیاندنەوە دەکرا، سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو میدیا و رێکخراوە مەدەنییەکانیش کرد بۆ سەرخستنی ئەم پەیامە، هاوکار بن و رۆڵی نەرێنی نەگێڕن.
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، وەکو درێژەدەری رێبازی بارزانیی نەمر، دژی هەرجۆرە توندووتیژییەکن و خوازیارن سەرجەم گرفتەکان بە رێگەی ئاشتییانە و لەسەر بنەمای رێزگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش، چارەسەر بکرێن.
 
پەیوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کەشوهەوایەکی لەباردا
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاماژەی دا، ئێستا کەشوهەوایەکی ''زۆر لەبار'' هاتووەتە ئاراوە و ئیرادەیەکی بەهێز و نییەتێکی پاک بۆ چارەسەری گرفتەکان هەیە. 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد کە ئەویش لە مەراسیمەکەدا بەشداربوو و گوتارێکیشی پێشکێش کرد. سەرۆک بارزانی گوتی ''زۆر بە جددی هەوڵدەدات ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کراوە، جێبەجێی بکات و لێرەوش دڵنیای دەکەمەوە، ئێمەش بەهەموو تواناوە پشتگیریی دەکەین''.
 
وەک سەرۆک بارزانی دەڵێت، ئەگەر ئیرادە و نییەتێکی پاک هەبێت، هیچ گرفتێک نییە چارەسەر نەکرێت، ''ئومێد دەکەین ئەم کەشوهەوایە و ئەم دۆخە لەبارە، بۆ چارەسەری هەموو گرفتەکانی دیکەش هەر بەردەوام بێت''.

 

 
دەقی گوتاری سەرۆک مەسعود بارزانی:
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. ئامادەبووانی بەڕێز، میوانانی بەڕێز، بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم، شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە کە ئەمڕۆ تەشریفتان هێناوە و زەحمەتتان کێشاوە، من ئەمە بە دەرفەت دەزانم کە  کورتەیەک لە مێژووی بارزانتان بۆ باس بکەم، زۆر لەسەر بارزان نووسراوە و گوتراوە، بەڵام زۆریش ناحەزان نووسیویانە و راستییەکانیان شێواندووە، بەڵام دوای ئەوەی کە لە ئەرشیڤی زۆرێک لەو دەوڵەتانە زۆر بەڵگە دەستکەوتن، بۆ هەموو لایەک دەرکەوت کە ئەوەی لە بارزان سەریهەڵدا، بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازیی دیموکراتخواز بوو و کاریگەرییەکی یەکجار گەورەشی هەبوو.
 
تەکیەی بارزان لە سەدەی 9ی کۆچیی (هیجری) لەسەر دەستی باپیرە گەورەمان شێخ تاجەدین لە بارزان دروستکرا و لە هەمان کاتدا لە تەنیشت تەکیەکە قوتابخانەیەکیشی بۆ فەقێکان دروستکرد، خۆی عالیمێکی زۆر زانا بووە و تەکیەکە و قوتابخانەکەش زۆر زۆر بە فراوانی پێشوازییان لێکراوە لەلایەن خەڵکی کوردستان و لە هەموو شوێنێکی دیکەش؛ بەم حاڵە بەردەوام بوو تاوەکو ئەو وەفاتی کرد، دوای وەفاتی ئەو، تۆزێک وەستا، تاوەکو گەیشتە نەوەکەی، شێخ عەبدولسەلامی یەکەم کە ئەویش بەردەوام بوو و بەپێی هەموو بەڵگەکان لە زانستی ئایینی زۆر زانا و شارەزا بووە، ئینجا دەستی کرد بە زەوینەسازی بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی، بەڵام مەرگ مۆڵەتی نەدا و لە ساڵی 1289، کە دەکاتە ساڵی 1872ی زایینی، وەفاتی کرد. لەدوای ئەویش کوڕەکەی، شێخ محەممەد لە جێگەی دانیشت.
 
شێخ محەممەد زۆر زۆر زاهید و بە تەقوا بووە، هەر خەریکی دیانەت و رێنوێنی بووە؛ بەڵام ئەوەندە کاریگەرییەکەی گەورە بووە کە ئەو کات دەسەڵاتی عوسمانییەکان، مەترسییان لێ پەیدا بووە و شەڕیان پێ فرۆشتووە، ئەوە بوو گرتیان و دوو ساڵ بردیان بۆ زیندانی بەدلیس، لەوێ دەستبەسەریان کرد، پاشان کە ئازادیان کرد، زۆری پێنەچوو لە ساڵی 1903 وەفاتی کرد، لەدوای ئەو، شێخ عەبدولسەلامی دووەمی کوڕی رێبەرایەتیی تەریقەتی وەرگرت، ئەو کاتەی شێخ تاجەدین تەکیەی داناوە، تەریقەتی نەقشبەندییان هەڵبژارد.
 
شێخ عەبدولسەلامی دووەم هەرچەندە تەمەنی کورت بوو، بەڵام بەرهەمی زۆر بوو، ئەو دەستیپێکرد وەکو شۆڕشێکی گەورە و رەنگە 100 ساڵ لەپێش کاتی خۆی بووبێت، ئەو دەستی بە چاکسازییەکی بنەڕەتی و ناساندنی (تاریفی) رێبازی بارزانی کرد.
 
ئەوە بەو شێوەیە پێناسەی کردووە کە، رێبازی بارزان بە مانای ئەوە نییە هەر کەسێک لە ناوچەی بارزان بێت، لەوانە؛ بەڵکو رێبازەکە فراوانتر و گەورەتر لەوەیە، هەر کەسێک بڕوای بەم بنەمایە هەبێت، دەتوانین بڵێین ئەمە پەیڕەوی رێبازی بارزانییە:
 
یەکەم، خوداپەرستی و خواناسی، مرۆڤدۆستی؛ ئایین رەوشتە لە مرۆڤایەتیدا و هەموومان برای یەکدین، دین و نیشتمان لە یەکدی جیاناکرێنەوە، تێکۆشان لە دژی زۆرداران فەرزە، ژینگەپارێزی پێویستە، مافی ئافرەتان دەبێت پارێزراو بێت و بە زۆر بەشوودانی کچان، یان ژن بە ژن یان نەخت وەرگرتنی قەدەخە کرد.
 
شان بە شانی ئەمە، نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکە بەگشتی، پەیوەندییەکی فراوانی لەگەڵ رابەرانی ئایینی و سەرۆک عەشیرەت و رێکخراوەکان دروستکرد.
 
ئەو سەردەمە والییەک لە موسڵ بوو بەناوی محەممەد نەزیف کە پیاوێک بووە دیارە زۆر دیکتاتۆر، دژی مرۆڤایەتی، زۆری موشاغبە کردووە تاوەکو قەناعەتی بە تورکیا هێناوە نەفیرعام دژی شێخ عەبدولسەلام رابگەیێنن، ترسیان هەبوو لەوەی نفووزی ئەو زیاد دەبێت، بێگومان زۆرێک لە عەشایر، بەیعەتیان دابوویە. کە ئەم چاکسازییانە کرا، زۆر بە فراوانی و زۆر بەپەلە نفووزی لە نێو ناوچەکە بڵاوبووەوە کە عوسمانییەکان پێیان ناخۆش بوو.
 
لەو عەشیرەتانەی کە فیدراسیۆنێکیان دروستکرد، ئەوانەن: شێروانی، مزووری، دۆڵەمەری، گەردی، بەڕوژی، نزاری، هەرکی بنەجی کە حەوت عەشیرەتن و فیدراسیۆنێکیان دروستکرد و عینوانی خۆیان وەکو بارزان هەڵبژارد، کە بە هەمووی ئەوانە دەڵێن، قەبیلەی بارزان.
 
کە نەفیرعامەکە راگەیێندرا لە دوو یان سێ جەبهەوە سوپای عوسمانی پەلاماری بارزانیان دا و بەرگرییەکی زۆر قارەمانانە کرا، دوای ئەوە شێخ عەبدولسەلام ناچار بوو ناوچەکە بەجێبهێڵێت و چووە ئێران، لەوێ بەرنامەیەکی گەورەیان بەدەستەوە بوو و چوون بۆ بەدلیس، ئێمە هەر وامان دەزانی، وا زانرابوو لەنێو خێزانی ئێمە و لە بارزان کە ئەو سەردەمە نوێنەری قەیسەری بینیوە، بەڵام لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا دوو سێ ساڵ بەر لە ئێستا هاتە هەولێر و گوتی ئێمە لە ئەرشیڤی خۆمان، چاومان لێکردووە، قەیسەر لەوێ بووە و، قەیسەری بینیوە. لە گەڕانەوەدا چەند خیانەتکارێک، خیانەتیان کرد و بە ناجوامێری گرتیان و لە ساڵی 1914 رادەستی عوسمانییەکانیان کرد کە لە موسڵ شەهید کرا و لەسێدارە درا.
 
کاتی لەسێدارەدانی، تەمەنی 37 ساڵ بوو، بەڵام لەو تەمەنە کورتە مێژوویەکی زۆر زۆر گەورەی جێهێشت و بەرهەمێکی گەورەشی جێهێشت لەدوای خۆی. دوای ئەو شێخ ئەحمەدی نوورانی، شێخ ئەحمەدی گەورە، برای ئەو لە جێگەی دانیشت، هەرچەندە زۆر زۆر گەنج بوو کاتی شەهیدکردنی برایەکەی، بەڵام زۆر زۆر بەپەلە ئەو کەلێنەی پڕکردەوە و من یەکێکم لەوانەی کە ئەو شەرەفەم هەبووە، ئەو شانسەم هەبووە چەندجار بە خزمەتی گەیشتووم و زۆریش تائێستا لە ژیاندا ماون کە بە خزمەتی گەیشتبوون، بەڕاستی نیعمەتێکی ئیلاهی بوو.
 
مرۆڤێکی گەورە، موتەوازیع، دادپەروەر، خۆڕاگر؛ دیسان لەویش قبووڵ نەکرا، کە بەردەوام بێت لەسەر نەهجەی براکانی و باب و باپیرانی. لە ساڵی 1931، فەوجێک بە سەرکردایەتیی عەقید برقی، شەوێک هاتن دەوری بارزانیان گرت و داوایان کرد شێخ خۆی رادەست بکات، ئەویش فەرمووی: ئێمە هیچمان نەکردووە, بۆچی خۆمان رادەست بکەین؟
 
شەڕیان کرد و فەوجەکە شکا و تارومار بوون. دوای ئەوە، بە فڕۆکە, کە ئەو کات فڕۆکەی بەریتانی یارمەتیی عێراقیان دەدا، گوندی بارزان و ناوچەی بارزانیان بۆردوومان کرد، بۆ یەکەمجار بوو بۆمبی (تەوقیت) لە گوندی بارزان بدەن و ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ شەهید کران.
 
من نامەوێت زۆر بچمە نێو هەموو وردەکارییەکەوە، بەڵام لە ئاکامدا، دوای شەڕێکی شەش مانگە، دیسان ناچار بوون هیجرەت بکەن و بچن بۆ تورکیا. لەوێ تورکەکان، کە ئەوکات زەمانی ئاتاتورک بوو، شێخ ئەحمەدیان رادەستی حکومەتی عێراق کرد، جارێک 12 ساڵ لە زیندان بوو، جارێکی دیکە 14 ساڵ دوورخرایەوە، لە ناسریە بوون، لە بەغدا بوون، لە سلێمانی بوون و لە زۆر شوێنی دیکە، بەڵام ئەو 12 ساڵەی کە بە لەسێدارەدان حوکم درا، 12 ساڵ کۆت و زنجیر لە دەست و پێیدا بوو، چەندین جار نامەیان بۆ نارد داوایان لێکرد کە نامەیەک بنووسێت بۆ نووری سەعید یان بۆ (وەسی) بنێرێت و داوای لێخۆشبوون بکات، گوتی من داوای لێخۆشبوون لە ئێوە ناکەم، چونکە ئێوە غەدرتان لە ئێمە کردووە، من هیچم نەکردووە، داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکەم، من داوای لێخۆشبوون لە ئێوە ناکەم.
 
بەو حاڵە 12 ساڵ مایەوە و ئەو نامەیەی نەنووسی تاوەکو رۆژی 20ی تەممووزی ساڵی 1958، کە شۆڕشی تەممووز، ئەو شۆڕشەی کەریم عەبدولقاسم، لە زیندان هاتەدەر، ئەو کاتە منداڵ بووین، بەڵام هەموومان بەرەو پیری چووین کە بۆ ئێمە رۆژێکی زۆر  مێژوویی بوو و لەبیر ناکرێت.
 
لە راستیدا بۆ ئێمە، رێگە نیشاندەر و ئیلهامبەخش و مەولا و مامۆستا بوو، مەلا مستەفا پەروەردەی دەستی ئەوە، قوتابیی ئەوە، زۆر دڵسۆزانە و فیداکارانە خزمەتی ئەو رێبازەی کرد. دیسان من ناچمە نێو هەموو وردەکارییەکانەوە، بەڵام تەنیا ئەو مەسیرە مێژووییەی کە 700 کیلۆمەتری بە پێ بڕی، تاوەکو گەیشتە سنووری سۆڤیەتی ئەو سەردەم، ئەمە بۆ خۆی لە موعجیزە دەچێت زیاتر لەوەی کە حەقیقەت بێت، بەڵام حەقیقەتە. چەند جار تووشی شەڕ بوون، بە موعجیزە دەرباز بوون، لەوێش تووشی گەورەترین ناخۆشی بوون لەسەر دەستی باقرۆفێک کە ئەوکاتە حاکمی ئازەربایجان بوو.
 
تاوەکو ستالین مرد و باقرۆف لەسێدارە درا، ئینجا ئەو زوڵم و غەدرەیان لەسەر هەڵگیرا، لە زەمانی خروشۆف ئینجا گەنجەکان داخلی زانکۆکان بوون و بارزانیش گوێزرایەوە بۆ مۆسکۆ و رێزی لێگیرا تاوەکو رۆژی شەشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1958 کە گەڕایەوە بۆ بەغدا و لە فڕۆکەخانەی موسەننا، لەلایەن گەلی عێراقەوە پێشوازییەکی زۆر زۆر گەورەی لێکرا.
 
زۆرێک لەو چاکسازییانەی کە شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد دەستیان پێ کردبوو، لە شۆڕشی ئەیلوول پیادەی کرد، بەتایبەتی لە بواری کۆمەڵایەتییەوە ئێمە ئێستا هەست دەکەین کە بە چ حیکمەتێکەوە سەرکردایەتی کردووە، بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە، شەڕی ئێمە لەگەڵ رژێم بە مانای شەڕی دوو نەتەوە نییە، ئەمە شەڕی ئێمەیە لەگەڵ دەسەڵاتێکی ناڕەوا، ئەم دەسەڵاتە عەرەب بێت، کورد بێت یان هەرچی، ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین و لە شۆڕشی ئەیلوول زۆرێک لە برا عەرەبەکان، برا تورکمانەکان، برا مەسیحییەکان بەشدار بوون لە سەرکردایەتیی شۆڕش و لە پێشمەرگایەتیی شۆڕش و شەهید و خوێنیشیان دا، شانازییەکی گەورەیە شۆڕشی ئەیلوول بوو بە پەناگەیەک بۆ هەموو دیموکراتخواز و هەموو ئازادیخوازانی گەلی عێراق.
 
بارزانی توانیی پەیوەندییەکی روحی و برایانە دروست بکات لەگەڵ زۆرێک لە مەراجعی شیعە و سوننە و ئێستا، ئینشائەڵڵا دوای کەمێکی دیکە دەیبینن، ئەو فەروایەی کە ئیمام موحسین ئەلحەکیم (رەزای خوای لێبێت) کە بە دیاری بۆی ناردبوو، زۆر لە شاخ و داخ و ئەوانە کەڵکی لێ وەردەگرت، چونکە زۆر گەرم بوو.
 
من جارێک ئەو حیکایەتەم بۆ شەهیدی میحراب گێڕایەوە، گوتم فەروایەکی ئاوا بوو جەنابی ئیمام ناردی بۆ جەنابی بارزانی، گوتی ئەوە کابرایەکی ئەفغانی بۆ منی هێنابوو، [منیش] گوتم خۆ ئێستا داوای ناکەیەوە؟
 
ئێمە سەربەرزین، لە شۆڕشی ئەیلوول یەک کاری تیرۆریستی ئەنجام نەدرا، پەلاماری یەک ئامانجی مەدەنی نەدرا و هەموو کات دەیگوت، عەسکەر گوناحن، وەکو کوڕی خۆم وان، من حەز ناکەم عەسکەری عێراقی بکوژرێت، ئەگەر پەلاماری ئێوە نەدەن، نابێت ئێوە پەلاماریان بدەن، نابێت بە هیچ شێوەیەک خوانەخواستە ببێتە شەڕی کورد و عەرەب، ئەمە کارەساتە، ئەمە مردنە، بەڵام شەڕی رژێمێکی ناڕەوا (زاڵم)، فەرزە.
 
ئێمە ئەمڕۆ بەری ئەو حیکمەتە دەدروینەوە، ئەم ئامادەبوونە گەورەیە لێرە ئەوە دەگەیێنێت کە ئەو رێبازە راستە، رێبازی برایەتی، پێکەوەژیان، ئاشتەوایی، ئەمەیە رێگەی راست، نەک خوێنڕشتن و کوشتن.
 
بارزان بە رووبەر گوندێکی بچووکە، وەکو دەیبینن، بەڵام بووە ئامانجێکی سەرەکی بۆ هەرچی ئیمپراتۆریەت و ئەو حکومەتانەی کە هاتنە ناوچەکە. لە ساڵی 1892 تاوەکو ساڵی 1987، 16 جار یان داگیرکرا یان سووتێندرا، کەم وڵات هەن، کەم عەسکەر هەن کە بەشدار نەبووبن لەو [داگیرکارییە]. ئەمە بۆ خۆی پرسیارێک دروست دەکات، ئەرێ گوندێکی بچووک یان چەند عەشیرەیەک بەو ئیمکانیاتە لاوازە، چۆن هەموو جارێک، 16 جار گوند و ناوچەکەیان بسووتێندرێت یان داگیر بکرێت و جارێکی دیکە هەستنەوە. ئەمە بۆ خۆی جێگەی پرسیارە.
 
لە راستیدا ئەمە ئەو حەقیقەتە نیشان دەدات کە ئەم رێبازە ریشەی داکوتاوە، خەڵکەکە بە باوەڕە، بۆ هیچ شتێکی دیکە نەبووە و تەنیا بە باوەڕ (عەقیدە)، بیر و باوەڕێکی وایان لەلا دروست بووە کە مردن لەپێناو ئەم رێبازە زۆر زۆر ئاساییە.
 
گەورەکانی ئێمە مێژوویەکی زۆر زۆر پڕ لە سەروەرییان بۆ ئـێمە جێهێشتووە، تکای من لە هەموو ئەو دۆست و برادەرانە ئەوەیە نرخاندنی (تەقیمی) ئەو مێژووە لە خیلالی ئێمە مانان ئەم نەوەی ئێستا، بۆ بارزان و رێبازی بارزانی نەکرێت، تەقیمەکە لەسەر خەبات و تێکۆشانی شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەد، مەلا مستەفا، لەوە بکرێت.
 
[لەبارەی] پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا؛ من ناچمە رابردوو، بەڵام من باسی ئێستا دەکەم، ئێستا کەشوهەوایەکی زۆر زۆر لەبار هاتووەتە ئاراوە و ئیرادەیەکی بەهێز دەبینین و نێتێکی پاک. من لێرەدا دەمەوێت پڕ بە دڵ سوپاسی برای بەڕێزم جەنابی سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی بکەم کە دەبینین زۆر بە جیددی هەوڵ دەدات ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە کراوە، جێبەجێی بکات و بوێریی نیشان داوە و لێرەوە دڵنیای دەکەمەوە ئێمەش بە هەموو تواناوە پشتگیریی دەکەین.
 
ئەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە ئەگەر ئیرادەیەکی بەهێز هەبێت، نیەتێکی پاک هەبێت، هیچ گرفتێک نییە چارەسەر نەبێت، ئێمە ئومێدەوارین ئەم کەشوهەوایە بەردەوام بێت و ئەم دۆخە خۆشە بەردەوام بێت، بۆ چارەسەری هەموو گرفتەکانی دیکەش ئینشائەڵڵا.
 
[سەبارەت بە] دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان؛ ئەم ئامادەبوونە گەورەیە هۆکارەکەی ئەوەیە کە بارزان لە سەرووی حیزبایەتیی تەسک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوە.
 
من ئەمە بە دەرفەت دەزانم لێرەوە بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم، هەموو حیزب و لایەنەکان کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە. داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکرێت پێش 18ی مانگ، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن.
 
پێش ئەو کۆبوونەوەیەش داوا دەکەم بە تایبەتی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دابنیشن، ئەو تەمومژە نەهێڵن و زەوینەسازی بکەن بۆ ئەو کۆبوونەوە بەرفراوانە.
 
نابێت چیدیکە خەریکی یەکدی شکاندن بن، دەرفەتێکی باش هاتووەتە ئاراوە، بە دژایەتیی یەکدی کەس هیچی دەستناکەوێت، با ئەزموون (عیبرەت) لە راپەڕین وەربگرین، 70 ساڵ بەو هەموو خەبات، تێکۆشان، قوربانیدان و خوێنە نەمانتوانی ئەوەی بە حەوت رۆژ ئەنجامدرا [بە دەستبهێنین]، کاتێک هەموو میللەتەکە بوو بە یەک، موعجیزە دروست بوو، موعجیزەئاسا، با هەموو کات ئەمە لەبەرچاو بگرین.
 
ئێستاش من دووبارەی دەکەمەوە، دڵسۆزانە و برایانە من ئەو داوایە ئاراستەی هەموو هێز و لایەنەکانی سیاسی دەکەم لە هەرێمی کوردستان، خۆیشم ئامادەم هەرچی پێم بکرێت بۆ پشتگیریی ئەو ئاراستەیە (تەوەجوهە) بیکەم.
 
داواکارم لە هەموو میدیا و رێکخراوەکانی مەدەنی، هاوکار بن بۆ سەرخستنی ئەم پەیامە نەوەکو رۆڵێکی نەرێنی ببینن، تکاتان لێ دەکەم رۆڵێکی ئەرێنی ببینن.
 
بە پێویستی دەزانم [بڵێم] گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستان وەکو هەمیشە لە روانگەی رێباز و فیکری بارزانییەوە لەگەڵ برایەتیی گەلانی ناوچەکە و یەکدی قبووڵکردنین و دژ بە  هەر جۆرە تووندوتیژی و ململانێیەکی سەربازین، خوازیارین سەرجەم  پرسەکان بە ئاشتییانە و لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش بۆ خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی ناوچەکە بێت و لە چوارچێوەی دیالۆگی بەردەوام و دیموکراسییەت و رێزگرتن لە ئیرادەی گەلانی ناوچەکە، کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێن.
 
دووبارە سوپاس بۆ هەمووتان، بۆ ئامادەبوونتان، سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ دۆستانی گەلی کوردستان چ ئەوانەی ژمارەیەکیان لێرە ئامادەن، چ ئەوانەی دوورن و لە شوێنی جیاجیای جیهان[ەوە هاتوون]، سوپاسی هەمووتان دەکەین کە لە رۆژانی تەنگانەدا یارمەتیی ئێمەتان دا و ئێمە هەمیشە خۆمان بە قەرزاری دۆستەکانی خۆمان دەزانین.
 
سوپاسی ئەو خوشک و برایانە دەکەم کە بەم پڕۆژەیە هەستاون، چ لە دروستکردنی ئەم یادگەیە، چ لە رێکخستنی ئەم بەرنامەیە، دەستیان خۆش بێت و سوپاسیان دەکەم.
 
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، لەوانەی کە هاوڕێی جەنابی بارزانی بوون، لە بڕینی ئەو مەسیرە مێژووییە، پێنج پیاو لە ژیاندا ماون لەگەڵ 10 خانم کە لەوێ شوویان بە پیاوانی بارزانی کردبوو، هەندێکیان لێرەن، بەشدارن، من بە تایبەتی  بەخێرهاتنیان دەکەم و دەستیان ماچ دەکەم.
 
جارێکی دیکە سوپاسی بێ پایان بۆ هەمووتان، بەخێربێن سەر سەر و سەر چاوان و هەر بەختەوەر و سەرکەوتوو بن، زۆر سوپاس.