لەتیف رەشید: عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ یەکدی ئارامی بەخۆیانەوە نابینن

11-05-2023
پەیمان محەممەد
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارەکەیدا
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارەکەیدا
نیشانەکردن یادگەی نیشتمانیی بارزانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، سەرۆککۆماری عێراق گوتی، کاتی ئەوە هاتووە هەموو پێکهاتەکانی عێراق، ناکۆکی و ململانێی سیاسی وەلا بنێن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، نە عێراق بەبێ هاوکاری و هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت، نە هەرێمی کوردستانیش بەبێ عێراق.
 
رۆژی پێنجشەممە 11-05-2023، سەرۆککۆماری عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند ''چارەنووسی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە بەستراوەتەوە و لە یەکدی جیا نابنەوە، نە عێراق بەبێ هاوکاری و هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان ئارامی بەخۆیەوە دەبینێت، نە هەرێمی کوردستانیش بەبێ حکومەتی فیدراڵی سەقامگیریی ئابووری دەبێت''.
 
ئەمڕۆ یادگەی نیشتمانیی بارزانی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی و چەندین میوانی نێوخۆیی و بیانی کرایەوە.
 
لە رێوڕەسمەکەدا هەر یەک لە سەرۆک بارزانی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، گوتاریان پێشکێشکرد. 
 
لەتیف رەشید لە  گوتارەکەیدا گوتی ''مێژووی میللەتەکەمان بریتییە لە سەروەری و شکۆمەندی؛ بە درێژایی دەیان ساڵەی خەباتی نەتەوایەتیمان، کەسانی زۆر گەورە و خاوەن کاریزما هاتوونەتە گۆڕەپانی تێکۆشان و کوردایەتی، کە بەهۆی ئەوانەوە رێڕەوی خەباتی نەتەوایەتیمان بەردەوام بووە''.
 
سەرۆککۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە، دۆخی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاستەنگیی گەورە بووەتەوە و قۆناخێکی نوێ هاتووەتە بەردەم هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.
 
لەتیف رەشید پێیوایە، ساڵانێک بوو لە ناوچەکانی عێراق بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕ، ناسەقامگیریی سیاسی و تێکچوونی پەیوەندییەکان هاتبووە ئاراوە، بەڵام ''ئێستا کەشێکی ئارام لەئارادایە و دەبێ سەرجەم لایەنەکان هەوڵبدەن ئەم قۆناخە بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوە، گفتوگۆی ئاشتییانە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی وڵات بقۆزنەوە''.
 
سەرۆککۆماری عێراق جەختی لەوەش کردەوە، کاتی ئەوە هاتووە هەموو پێکهاتەکانی عێراق، ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان وەلا بنێن و ژینگەیەکی سیاسیی تەندروست بڕەخسێنن. 
 
لەتیف رەشید گوتی ''گومان لەوەدا نییە ئێستا نیەتێکی باش لە نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا هەیە و هەوڵی سەرخستنی دیالۆگی نیشتمانی، چارەسەرکردنی کێشەکان، کۆتاییهێنان بە گرفتە سیاسییەکان و کارکردن بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی سیاسیی نوێ دەکرێت، کە گەرنتیکاری هەموو مافە دەستوورییەکانی میللەتەکەمان بێت و هەرێمی کوردستان تێیدا ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ئێستا و داهاتووی عێراق''.
 
بڕیارە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتیمانیی بازرانی بەیانیش بەردەوام بێت و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بانگهێشتی بۆنەکە بکرێن و بەشداری رێوڕەسمەکە بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی.

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی: زیاتر لە 65٪ـی کاری شەقامەکە تەواوکراون

ئەبوبەکر تەیب، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 65٪ـی کارەکانی تەواوکراون،" بەڵام گوتیشی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە پێویستیان بە "بەرنامەی نوێی کارکردن هەیە."