جووتیارانی سەرگەڕان کێشەکانیان دەگەیێننە یونامی

 
رووداو - کەرکووک

ژمارەیەک لە جووتیارانی سنووری سەرگەڕان سەردانی نوێنەرایەتیی كەركووكی یونامی-یان کرد. نوێنەری سەرگەڕان دەڵێت، "بە بەڵگەوە" کێشەکانیان خستووەتەڕوو.
 
لەبارەی سەردانەکەوە دەشتی دزەیی، کە وەکو نوێنەری پەڵکانە بەشداریی کردبوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چوار کەس لە جووتیارانی سنوورەکە لەگەڵ نوێنەری یونامی کۆبوونەوە. گوتیشی، تەواوی ئەو کێشانەی دێتە رێیان لە کۆبوونەوەکەدا "بە بەڵگەوە" خستویانەتەڕوو.
 
دەشتی دزەیی ئاماژەی بەوەش کرد، بە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاندووە، "جووتیارانی خاوەن زەوی و زاری سەرگەڕان بەڵگەی فەرمییان هەیە، کەچی لە سەردەمی رژێمی بەعس دەربەدەر کران و دوای ساڵی 2003 گەڕانەوە ناوچەکەیان بەو ئومێدەی کاری خۆیان بکەن، کەچی ساڵانێکە بە هەمان عەقڵیەتی رژێمی بەعس و سیاسەتی سەدام مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."
 
محەممەد ئەمین، کە نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانە و لە کۆبوونەوەکە وەکو نوێنەری گابەڵەکە بەشداریی کردووە، بە رووداوی گوت، "وەکو جووتیارانی سەرگەڕان داوایان لە یونامی کردووە هەڵوێستی جیددییان هەبێت لەسەر ئەو رێگرییانەی ئێستا دەکرێن بۆ کاری کشتوکاڵی و دروێنەی بەرهەمەکانیان."