گرووپێکی 'داعش' لە سنووری کەرکووک سەرانە لە ئاژەڵدار و دانیشتووانی گوندێک وەردەگرن

 
رووداو - کەرکووک

گرووپێکی چەکدار کە گومان دەکرێت سەر بە داعش بووبن، لە سنووری جەبەل بۆر مەڕ و بەرخیان لە مەڕدارانی ناوچەکە سەندووە و سەرانەیان وەرگرتووە.
 
رێبوار مەلا ئەحمەد، خەڵکی سنوورەکەیە و ماوەیەک لەمەوبەر خاڵی لەلایەن داعشەوە لەوێ رفێندرا و سەریان لە جەستەی کردەوە، ئەو دەڵێت، گومان دەکەن هەمان ئەو چەکدارانە بن و لە بەرزاییەکان مۆڵگەیان هەبێت و بۆ خواردنی رۆژانەیان سەرانە و ئاژەڵ لە خەڵک وەردەگرن.
 
رێبوار دەشڵێت، "وا گەیشتە ئەوەی سەرانە لە خەڵک دەستێنن و ئاژەڵ لە خەڵک دەبەن، هەر کەسێک بڕفێنن و داوای پارە بکەن و سەری ببڕن و ئاژەڵی خەڵک ببەن، ئیدی خەڵک رەو دەکات و دەڕوات."
 
هەفتەی رابردوو چوار چەکدار هەڵیان کوتاوەتە سەر شوانەکەی ئەکرەم عەبدولڕەحمان لە گوندی جەبەل بۆر و چوار مەڕیان لێسەندووە. لەدوای ئەو رووداوە مام ئەکرەم بێ شوانکار ماوەتەوە و دەڵێت، هیچیان بە چاوی خۆیان نەبینیوە و نازانن ئەو کەسانە کێ بوون.
 
ئەکرەم عەبدولڕەحمان، دانیشتووی گوندی جەبەل بۆر دەڵێت، "هاتم بینیم لەوێ وەستاوە و خەڵک دەوری داوە. گوتم: چییە؟ گوتی: ئۆتۆمبێلێکی رەش هات و چوار بەرخیان برد و هەندێکیان لێدام و رایانکرد. زۆر گەڕاین هیچمان نەبینی."
 
لەدوای کوشتنی ئەفسەرێک و پۆلیسێک لە سنووری گوندی جەبەل بۆر، پێنج چەکدار دەستگیر کران؛ جیا لەوەی خۆیان وەکو شوانکارە ناساندبوو، هاوکات دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کردبوو بۆ ئەو کردە چەکداریانە.
 
هێڵێک بە درێژایی 40 کیلۆمەتر تاوەکو دەگاتە ئەودیوی ناحیەی لەیلان جموجۆڵی چەکداریی تێدا بەدیدەکرێت و خەڵکیان هەراسان کردووە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، زیاتر لە 10 کەس دەستگیر کران، کە سەرجەمیان لەو ئاوارانەن بە ناوی مەترسیی ناوچەکانی خۆیان ئاوارەی سنوورەکەیان بوون.
 
محەممەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان رایگەیاند، "ئەو خەڵکانەی گیراون هیچیان خەڵکی لەیلان نین، زۆرینەیان لە ئاوارەکانن و لە باخەکان کار دەکەن."
 
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک رەتیدەکاتەوە هیچ ناوچەیەکی فەرامۆشکراو هەبێت و دەڵێت، هەماهەنگیی تەواو هەیە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و سوپا و پێشمەرگە زوو فریا دەکەون.
 
فەریق جەبار نعێمە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک دەڵێت، "ئەو ناوچەیە ناومان ناوە ناوچەی گرنگیپێدانی هاوبەش لە نێوانمان، لەڕاستیداسەنتەری هەماهەنگی هەیە لە تەواوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی پێکدێت لە ژمارەیەک ئەفسەری فیدراڵی و هێزەکانی پاسەوانیی هەرێم، هەمانگیی بەردەواممان هەیە و کۆبوونەوە دەکرێت، پشتیوان بە خودا هیچ کێشەیەک نییە ئێستا و هەر کێشەیەک هەبێت لە ماوەی یەک کاژێردا چارەسەر دەبێت."
 
لە سنووری پارێزگای کەرکووک ئەو ناوچەیەی پێی دەگوترێت بۆشایی ئەمنی، سەرتاسەری ناوچە کوردییەکانە و هەرچی زەرەرمەندە هاونیشتمانییانن، کە بەشێکی زۆریان لەبەر دۆخەکە یان جێیدەهێڵن یان لە نائارامیدا دەژین.