نەتەوە یەکگرتووەکان: حکومەتی ئێران دەبێت زارا محەممەدی قەرەبوو بکاتەوە

11-05-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەک لەبارەی دۆسێی زارا محەممەدی دەردەکات و داوا لە دەسەڵاتی ئێران دەکات، مافی پەروەردە بە زمانی دایک بداتە نەتەوەکانی نێو ئەو وڵاتە و قەرەبووی زارا محەممەدیش بکاتەوە.
 
لیژنەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستبەسەرکردنی نایاسایی سەر بە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی لەبارەی دۆسیەی دەستبەسەرکردن و سزادانی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بڵاوکردەوە. 
لە بڕیارنامەکەدا هاتووە، زارا محەممەدی ساڵی 2019 بە نایاسایی و بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر کراوە، بە شێوەیەکی نایاسایی لە گرتووخانەی سوپای پاسداران راگیراوە و ئەشکەنجەی دەروونی دراوە.
 
لیژنەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەستبەسەرکردنی نایاسایی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، زارا محەممەدی منداڵانی شاری سنە و دەوروبەری فێری زمانی دایک کردووە و بەو هۆیە دەستبەسەر کراوە، سەرەتا بە 10 ساڵ سزادراوە و دواتر سزاکەی بۆ 5 ساڵ بەندکران کەمکراوەتەوە.
 
لیژنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی ئێران دەکات، زارا محەممەدی قەرەبوو بکاتەوە و دۆسیەی دادگایی تەواوی هاوکارەکانی کە بەهۆی فێرکردنی زمانی دایک دەستبەسەر کراون یان دراونەتە دادگە، دابخات.
 
هەروەها داوا دەکات، کۆتایی بە پێشێلکردنی مافە کولتووری و زمانییەکانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران بهێندرێت.
 
لە بڕیارنامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەی لە دەستووری ئێران رێگە بە خوێندنی زمان و ئەدەبی نەتەوەکان دراوە، بەڵام لە قوتابخانەکان جگە لە فارسی، رێگە بە خوێندن بە زمانی نەتەوەکانی دیکە نادرێت. هەروەها دەسەڵاتی ئێران ئەو کەسانەی بە خۆبەخشانە هەوڵدەدەن زمانی دایک فێری خەڵک بکەن، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی یەکڕیزیی نیشتمانیی ئەو وڵاتە سزا دەدات.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەبێت کەشێک بڕەخسێنێت کە نەتەوەکان بتوانن پەرە بە کولتوور و زمانی خۆیان بدەن.
 
زارا محەممەدی لە 10-02-2023 لە گرتووخانەی سنە ئازاد کرا، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دۆسیەی پێنج ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی کولتووری - کۆمەڵایەتیی نۆژین بە ناوەکانی "سۆما و سروە پوورمحەممەدی، ئیدریس مینبەری، ئومید موشیرپەناهی و سەیوان ئیبراهیمی"یان داوەتە دادگە. ئەوان مامۆستای زمانی کوردین و لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی چالاکییەکانیان لەو بوارە دەستبەسەر کرابوون و بە کەفالەت ئازاد کراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی سنووریی باشماخ. وێنە: AA

زیاتر لە 12%ی ترانزیتی هەموو ئێران لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە بووە

بەڕێوەبەری گومرگی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سێ مانگدا بایی زیاتر لە یەک ملیار و 70 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە ترانزیت کراوە کە بەراورد بە پار، دوو هێندە زیادیکردووە.