مەلای گوندێکی سنە بە دوو ساڵ بەندکردن سزا درا

 
رووداو دیجیتاڵ

پێشنوێژی گوندێکی شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئێران بە دوو ساڵ بەندکردن سزا درا.
 
دادگەی تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان رۆژی چوارشەممە 10-05-2023 سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەر مامۆستا جەلال ئەکبەری، پێشنوێژی گوندی دەگاگای شاری سەوڵاوادا سەپاند، بە تۆمەتی بانگەشەکردن دژی دەسەڵاتی ئێران.
 
جەلال ئەکبەری یەک لەو مامۆستا ئایینییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە مانگی دووی ئەمساڵ بەیاننامەیەکیان بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی کوشتن و سزادانی خەڵکیان کرد بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزاییەکان و داوایان کرد دەستبەسەرکراوان ئازاد بکرێن.
 
لە مانگی ئەیلوولی 2022ەوە کە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، زیاتر لە 20 مامۆستای ئایینی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کران. لەو ماوەیەدا بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزاییەکان، سزا بەسەر ژمارەیەکیاندا سەپێندراوە.
 
هەفتەی رابردوو، مامۆستا سابیر خودامورادی و مامۆستا ئارمان سادقی بە حەوت مانگ و 15 رۆژ بەندکردن و هەروەها لێدانی 74 قامچی سزا دران.