پێشوازییەکی فراوان لە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی دەکرێت

11-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
سەرۆک مەسعود بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانیدا گوتارێکی پێشکێش کرد، داوای لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن و تاوەکو 18ی مانگ کۆبوونەوەیەکی گشتی بکەن بۆ چارەسەری کێشەکان، پێش ئەوکاتەش یەکێتی و پارتی کۆببنەوە. ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی پێشوازییەکی فراوانی لێکرا.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-05-2023، سەرۆک بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەیدا رایگەیاند ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن''.
 
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش ئەم کۆبوونەوەیە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن".
 
 
ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک بارزانی کاردانەوەی لێکەوتەوە و پێشوازییەکی فراوانی لێکرا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "دەستپێکردنێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەر بکەین."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، "گوێتان لێبوو، پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی، پەیامی ئاشتی، یەکترقبووڵکردن و پەیامی دانیشتن بوو پێکەوە، ئینشائەڵڵا ئەوە دەبێتە دەستپێکردن و سەرەتایەکی باش بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، من پێموایە ئەوە گرنگترین پەیام بوو کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەرچوو". 
 
لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی دا لە بارزان کە سەرۆک و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا ئامادەبوون، سەرۆک بارزانی گوتی ''ئەم بەشداریکردنە بەربەرینە، بە مانای ئەوەیە؛ بارزان لە سەرووی حیزبایەتیی تەسک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوە''.
 
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق دوای رێوڕەسمەکە بۆ میدیاکان قسەی کرد و رایگەیاند، "زۆر سوپاسی خودا دەکەین کە نێوانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی باشە و زۆرینەی ئەو کێشانەی لە رابردوودا هەبوون، چارەسەرکراون، ئومێدەواریشین زیاتر بەرەوپێش بچێت، لێکتێگەیشتن لەسەر هەموو کێشەکان بکرێت."
 
لەتیف رەشید لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی گوتی، "ئەمە ئەرکی سەرۆک بارزانییە و ئەوان بەرپرسن. تا ئێمە یەکگرتووبین و یەکڕیز بین، بەهێزتر دەبین لە هەموو شوێنێک، هەم لە ناوخۆمان، هەم لە شوێنەکانی دیکەیش، ئەوکاتە ئێمە دەتوانین پلانی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە و کشتوکاڵ دابنێین."
 

 

 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیامەکەوە رایگەیاند، "جێگەی دڵخۆشییە و دەبێ کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، ئەم ئاراستەیەی کە سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەری کێشەکان و پێکەوەژیان لە ئاستی عێراق بەشێوەیەکی گشتی، ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییە و خاوەندارێتیی جەنابیانە بۆ داواکارییەک دڵنیام هەر تاکێکی کوردستانی بەم گوتارە دڵخۆشە. ئەوەی لەسەر شانی ئەو بوو فەرمووی و دەبێ هەموومان کاری بۆ بکەین."
 
چەند مانگێکە گرژیی نێوان پارتی و یەکێتی و ناکۆکی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە؛ لە نوێترین پێشهاتدا هەردوو لایەن دەڵێن، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئامادەن، ئەوە لەکاتێکدایە کۆبوونەوەکانی نێوانیشیان بۆ رێککەوتن لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن وەستابوون.
 
 
مستەفا هیجیری، بەڕێوەبەری ناوەندی رێبەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی رێوڕەسمەکە لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئێمە لە مێژە باس لە دیالۆگ دەکەین بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد، چونکە ئەزموونمان هەیە کە جگە لەوە هیچ رێگەیەکی دیکە نییە." 
 
مستەفا هیجیری گوتیشی، "ئێمە دەبێ لەوە بەدوا ئەو رێگەیە بگرینە بەر بۆ ئەو کێشانەی لە بەینی کورد هەیە و داوا دەکەم لایەنەکان بە دەم دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانییەوە بچن."
 
هاوکات بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، بە پەیڕەوی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، زۆربەی گرفتەکان چارەسەر دەبن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پارتی و یەکێتی بۆ رێکخستنەوەی کۆبوونەوەکانیان رێز لە دەستپێسخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەگرن.
 
 
فازڵ میرانی لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر داوای سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی: ''بێگومان پارتی و یەکێتی رێز لە دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک بازرانی دەگرن.''
 
 
هەروەها ئەرسەلان باییز کە خۆی گوتی "ئێستا سیفەتێکی سیاسیم نییە، بەڵام یەکێتیم" پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بە "زۆر گرنگ و مێژوویی" لە قەڵەمدا و رایگەیاند، پێیویستە هەموو لایەنەکان بە دەم داواکارییەکەوە بچن و ماڵی کورد پێویستی بە ئارامییە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی باخچەی ساوایانی بەیبوون.

لە ئێلیهـ دوای دانانی قەییوم مامۆستایانی کوردیی باخچەیەکی ساوایان وازدەهێنن

لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان دوای ئەوەی بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم لەسەر شارەوانیی شارەکە دانرا، مامۆستایانی زمانی کوردی باخچەی ساوایانی بەیبوون وەک کاردانەوەیەک وازیان لە کارەکانیان هێنا.