نێچیرڤان بارزانی: دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی گرنگە بۆ چارەسەری کێشەکان بە گفتوگۆ


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "دەستپێکردنێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەر بکەین."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-05-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان قسەی بۆ میدیاکان کرد. نێچیرڤان بارزانی بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بە "گرنگ" ناوبرد کە تێیدا داوایکرد پێش 18ـی ئەم مانگە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە کۆببنەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
 
سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ـی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن''.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، "گوێتان لێبوو، پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی، پەیامی ئاشی، یەکترقبووڵکردن و پەیامی دانیشتن بوو پێکەوە، ئینشائەڵڵا ئەوە دەبێتە دەستپێکردن و سەرەتایەکی باش بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، من پێموایە ئەوە گرنگترین پەیام بوو کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەرچوو". 
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کرد کە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی "روونە و داوا دەکات هەموو لایەنەکان پێکەوە دابنیشن، من تەسەور دەکەم دەستپێکردنێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەر بکەین. گرنگە ئەوەیە لایەنەکان کۆببنەوە، لەهەر شوێنێک کۆببنەوە، ئێمە پشتگیریی دەکەین، بانگەوازی ئەمڕۆی جەنابی سەرۆک بارزانی ئەبوو کە بە زووترین کات کۆببنەوە". 
 
نێچیرڤان بارزانی باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند، بەپێی دەسەڵاتەکانی رۆژی هەڵبژاردنی دەستنیشانکردووە و گوتی، "ئەوەی دیکە لەسەر پەرلەمان دەمێنێتەوە، کە دەبێت کۆمیسیۆن و ئەوانی دیکە سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە و ئیش بکرێت، ئێمە ئێستا چاوەڕێی ئەو هەنگاوانەین و هیوادارین ئەم هەنگاوانە دوای ئەوەی کە هەموو لایەنەکان پێکەوە دانیشتن؛ ئەوانەش چارەسەر بکرێن و هەڵبژاردن لەو کاتەی ئێمە دامانناوە بکرێت". 
 
جگە لە سەرکردە و کەسایەتیی سیاسیی وڵاتان، زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بەشداری رێوڕەسمەکە بوون، سەرۆک بارزانی لەوبارەوە گوتی ''ئەم بەشداریکردنە بەربەرینە، بە مانای ئەوەیە؛ بارزان لە سەرووی حیزبایەتیی تەسک و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوە''.
 
لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پرسیار لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەچوارچێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کراوە، بەڵام رێککەوتنێکی دیکەش کراوە کە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراقە، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە تێیدا بەشدارن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "بە دڵنیایی ئێمە هەرچەند وەکو هێزە سیاسییەکانی کوردستانی پێکەوەبین، زیاتر دەتوانین دەستەبەری مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، تائێستا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتدا، لەنێوان یەکێتی و پارتی و ئەو لایەنانەی بەشدارن، هاوئاهەنگییەکی باش کراوە لەوێ، هیوادارم لە کوردستانیش ئێمە شاهێدی فەسڵێکی نوێ بین لە رێککەوتن، لێکتێگەیشتن و پێکەوە کارکردن لە خزمەتی هەموو کوردستان و هەموو عێراق". 
 
لەبارەی بودجەی گشتیی عێراقیشەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەوەی لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بڕیاری لەسەر دراوە، ئەوەیە کە سەقفێکی زەمەنی دانراوە تاوەکو 17 و 18ی مانگ دەبێت پەسند بکرێت".