لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن: لە 12ـی نیسانەوە سیڤیی بەربژێران ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە

11-05-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مانگێک تێپەڕدەبێت بەسەر وەرگرتنی سیڤیی ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێر کردبوو بۆ ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. ئەندامێکی لیژنەی کاراکردنەوەی کومیسیۆنیش دەڵێت، لە 12ـی نیسانەوە سیڤیی بەربژێران ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کراوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-05-2023، سارا دڵشاد چاوشلی، نوێنه‌ری فراكسیۆنه‌ توركمانییه‌كان کە ئەندامی لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنە لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەکۆی گشتی 83 سیڤی ئاراستەی لیژنەکەمان کرابوو، ئێمەش بۆ چوار بەش پۆڵێنمان کردوون، یەکەم، ئەو حەوت ئەندامەی کۆمسیۆنن کە متمانەیان پێدراوە، دووەم؛ 34 کەس رەتکراونەتەوە، چونکە هیچ مەرجێکی بوون بە ئەندامی کۆمسیۆنیان تێدا نەبووە، سێیەم؛ 38 کەس پەسەندکراون، چونکە مەرجەکانیان تێدابووە، بەڵام هیچ شارەزاییەکیان لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نییە، چوارەم؛ 11 کەسن کە مەرجەکانیان تێدا بووە و شارەزاییشیان لە هەڵبژاردن هەبووە."
 
سارا دڵشاد چاوشلی ئاماژەی بەوە دا کە لە رۆژی 12ـی نیسانی ئەمساڵەوە سەرجەم سیڤییەکانیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناردووە.
 
سەبارەت بە دانیشتنی پەرلەمان و بۆ دەستنیشانکردنی دوو ئەندامەکەی کۆمیسیۆن و متمانەدان بە کۆمیسیاران، سارا دڵشاد گوتی: "لە دەرەوەی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتن کراوە و چاوەڕوانین دوای ئەو رێککەوتنانە ئومێدێک هەیە کە دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت."
 
دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان 15ـی ئادار کۆبووەوە، بڕیاریدا لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پێکبهێنێت، لیژنەکەش 29ـی ئادار یەکەم کۆبوونەوەی کرد و بڕیاریدا لە 5ـی نیسانەوە تاوەکو 11ـی نیسان دەست بە وەرگرتنی سیڤی بکات بۆ پڕکردنەوەی شوێنی دوو ئەندامی کۆمیسیۆنەکە. 
 
بڕیار بوو دوای وەرگرتنی سیڤیی بەربژێران، پەرلەمانی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا دانیشتن نەکراوە. دواجار رۆژی دووشەممە، 8-5-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر کۆبوونەوە. بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و کارگێڕییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە. 
 
دوای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 14-05-2023، تیمی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
 
قوباد تاڵەبانی لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە؛ وەزیرەکانی یەکێتیش لە 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت دوای گەڕانەوەیان بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەستپێبکاتەوە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2014 پێکهاتووە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی نۆ ئەندامی هەیە، کە ئێستا دوو ئەندامی لەسەر پشکی پارتی نەماون، ئەوانیش جووتیار عادل، گوتەبێژی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەباح کورەچی لەسەر پشکی تورکمانەکان کە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییکرد.
 
رۆژی 10ـی نیسان پارتی سیڤی بەهجەت ئاڤدەلی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ ئەوەی لە شوێنی جووتیار عادل، وەک ئەندامی کۆمیسیۆن متمانەی پەرلەمانتاران وەربگرێت. 
 
ئەوەی ماوەتەوە یەک کورسیی دیکەی پارتییە کە دەبێت تورکمانەکان پڕی بکەنەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تورکمانەکان لەسەر کامەران نەشئەت رێککەوتن و سیڤی ئاراستەی پەرلەمان کراوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شەقامی تەقسیم لە تورکیا

زۆرترین کۆچی نێوخۆیی لە ئیستەنبووڵ و کەمترین لە ئەردەخان تۆمارکراون

دامەرزاوەی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 450 هەزار و 953 کەس لە هاووڵاتییانی تورکیا و هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان لەنێوان پارێزگاکاندا کۆچیان کردووە.