رووداو بۆ یەکەمجار وێنەی دایکێک و دوو منداڵی پێش خنکانیان لە ئیجە بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پێنج مانگ پێش ئێستا ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانی لەگەڵ دوو منداڵەکەی بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا هەرێمی کوردستانیان جێهێشت، بەڵام لەنێوان تورکیا و یۆنان بەلەمەکەیان نقوومبوو و هەرسێکیان گیانیان لەدەستدا. دوای پێنج مانگ لە خنکانیان، رووداو بۆ یەکەمجار وێنەی خێزانەکە پێش نقوومبوونی بەلەمەکەیان بڵاودەکاتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەی کە پێنج مانگ زیاتر بەسەر کۆچی ئەو دایک و دوو منداڵە تێپەڕیوە کە دەیویست ژیانی خۆی و منداڵەکانی بگەیێنێتە کەنارێکی ئارام، بەڵام تاوەکو ئێستاش کەسوکاریان بۆ جەژن و شادی و شینیش هەر دەچنە سەر گۆڕەکەیان لە گۆڕستانی راپەڕینی شاری سلێمانی.
 
رۆژی 23ـی 12ـی 2021 بەلەمێکی بچووک کە 105 کۆچبەری هەڵگرتبوو، لەنێوان تورکیا و یۆنان ژێرئاوکەوت. تێیدا رێزان عەبدولڕەحمانی تەمەن 43 ساڵ لەگەڵ دوو منداڵەکەی، بیلال و سومەییەی 20 و 22 ساڵان و هەشت کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.
 
خەجیج عەبدولڕەحمان، خوشکی رێزان بە رووداوی گوت، "سەرەتای رووداوەکە من ئاگادار نەبووم، زۆر هەوڵمدا نەمزانی خوشکەکەم نامەیەکی دەنگی لە مەسنجەرەوە بۆ ناردم و گوتی: دەچمە تورکیا و لەوێشەوە دەچین بۆ ئەوروپا. من زۆرم پێناخۆش بوو، بۆیە زۆر ساردبووم لەگەڵیدا و گوتم مەچۆ و بگەڕێوە، بەڵام بە قسەی نەکردم، ئەو کاتەی هەواڵی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیانم پێگەیشت، تەلەفۆنم بۆ کرد وەڵامی نەدامەوە، نامەی دەنگیم بۆ نارد گوتم خوشکم هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە بەلەمەکەتان نقوومبووە، توخوا وەڵامم بدەرەوە بە نامەیەک بە دەنگێک، بەڵام هەر دەنگی نەبوو، لەو رۆژەوە کە خنکاوە هەموو رۆژێک من دەگریم و دێمە لای گۆڕەکەی، هیوادارم کەس جەرگی خێزانەکەی نەسووتێنێت بە گرتنەبەری ئەو رێگەیە."
 
حسێن عەبدولڕەحمان، زڕبرای رێزانە و باسی لەوە کرد، "ئێمە هەموو ژیانمان لێ تاڵ بووە، مانگێک بە رۆژوو بووین و گوتمان لە کۆتایی رەمەزان جەژن دەکەین، بەڵام لەبەر خەفەتی مردنی ئەم خوشکەم و منداڵەکانی، نەمانتوانی جەژن بکەین".
 
جگە لە رێزان و منداڵەکانی، تەنیا ساڵی 2021 بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراق، 91 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان لە دەریای ئیجە و نۆکەندی ئینگلیز خنکاون. هەروەها زیاتر لە 80 هەزار کەسیش هەرێمی کوردستانیان جێهێشتووە و بە رێگەی مەترسیداری قاچاخ هەوڵیانداوە بگەنە وڵاتانی ئەوروپا.  
 
ئامانج عەبدول، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق باسی لەوە کرد، "ئەو رێگەیانەی کۆچبەرانی کورد دەیگرنە بەر زۆر مەترسیدارن، زۆرینەی قاچاخچییەکان لە تورکیا و وڵاتانی دیکە نەک رێبەری پەنابەران نین، بەڵکو ئەوەندە ترسناکن کە بازرگانی بە کۆچبەرانەوە دەکەن و دەیانفرۆشن و هەموو رێگەیەکی مەترسیداریان لەگەڵ تاقیدەکەنەوە تاوەکو پارەیان لێ بکێشنەوە."
 
ئێستا زۆرینەی گۆڕستانەکانی هەرێمی کوردستان چەند گۆڕێکیان تێدایە ئەو کەسانەیان تێدا نێژراون کە ویستوویانە هەرێمی کوردستان بەرەو وڵاتێکی دیکە جێبهێڵن و لە شوێنێکی دیکە بژین.