دەستەی وەبەرهێنان: قیستی ئەو یەکانەی بۆ کرێنشینان دروستدەکرێن بەگوێرەی داهاتی خەڵکە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و کرێنشین لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دروستدەکەن و دەشڵێت، "قیستی مانگانەی یەکەکان بەگوێرەی داهاتی خەڵکەکە دەبێت." 
 
رۆژی چوارشەممە 11-5-2022، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی: بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بڕیاردراوە لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنان، لە قۆناخی یەکەم 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان رابگەیێندرێت. 
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان رایسپاردووین داواکاری بۆ وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بنێرن بۆئەوەی یەکەی نیشتەجێبوون لە جۆری ئەپارتمان "شوقە" بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و کرێچی لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت." 
 
محەممەد شوکری باسی لەوە کرد کە ئەوان ئێستا سەرقاڵی دانانی پێوەرەکانن و پڕۆژەکە "لە چەند هەفتەی داهاتوو دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە." 
 
بەگوێرەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، "هەشت شوێنی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان ئەو یەکانە دەگرێتەوە کە بریتین لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆ، بەپێی پێوەری تایبەت یەکەکانی نیشتەجێبوونیان بەسەردا دابەش دەکرێت."    
 
لەبارەی شێوازی وەرگرتنەوەی قیستی یەکەکان، محەممەد شوکری ئاماژە بەوە دەدات، "گوژمەی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت و شێوەی قیستەکەی بەجۆرێک دەبێت کە لەگەڵ داهاتی خەڵکی کەمدەرامەت و کرێچی بگونجێت." 
 
گوتیشی: هەندێک پێوەرمان لە رابردوودا هەبووە لە پێدانی ئەو یەکانە بەشێوەی قیستی درێژخایەن، پێداچوونەوە بەو پێوەرانە دەکەینەوە و هەوڵدەدەین ئاسانکاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان بکەین تاوەکو زۆرترین خەڵکی کەمدەرامەت و کرێچی سوود لە پڕۆژەکە ببینن. 
 
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کاتێکی دیاریکراوی بۆ دەستپێک و تەواوبوونی پڕۆژەکە رانەگەیاند و دەڵێت، "بۆ ئەوەی پڕۆژەکە خێراتر تەواوبێت، هەوڵدەدەین رۆتینات لە پڕۆسەکە نەهێڵین و بە زووترین کات دەستبکەین بە پێدانی مۆڵەت بۆ دروستکردنیان." 
 
لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەسەر شێواز و بری ئەو قیستەی لە سوودمەندانی پڕۆژە نیشتەجێبوونەکە وەردەگیرێت، محەممەد شوکری روونیکردەوە، "تا ئێستا لەسەر پێشەکی و بڕی قیستی مانگانەی پڕۆژەکە هیچ بڕیارێکمان نەداوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە شێوەیەک دەبێت کە هەموو خەڵکی کەمدەرامەت و ئەوانەی پڕۆژەکە دەیانگرێتەوە، بتوانن بەپێی داهاتی مانگانەیان قیستەکەی بدەن."