وەزارەتی کشتوکاڵ: بۆ کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەڕانەتی هاوئاهەنگیمان لەگەڵ نەکراوە

11-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەشتی بەڕانەتی لە پارێزگای هەولێر کە جووتیارانی نیگەران کردووە، لەلایەن ئەوانەوە نەبووە، بەڵکو لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە کراوە.
 
روونکردنەوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، "ماوەیەکە ئاگاداری کێشەی جووتیارانی ناوچەی بەڕانەتی دەشتی هەولێرین. کەسایەتی و نوێنەریان هاتوونەتە وەزارەتمان و پێشوازییان لێکراوە و بەڕێزەوە گوێیان لێگیراوە. بەپێی تایبەتمەندی و پێویستی هەنگاوی پاڵپشتیمان بۆ لایەنی پەیوەندیدار بۆ گرتوونەتەبەر".
 
دوێنێ بەشێکی جووتیارانی دەشتی بەڕانەتی گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییەتییان کرد و داوایان کرد، زەوییە کشتوکاڵییەکانیان نەدرێتە فەرمانبەران.
 
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "بۆ رێکارەکانی کوژاندنەوەی ئەو زەوییانە بە هیچ جۆرێک و لە هیچ لیژنەیەک کە دروستکراوە، وەزیری کشتوکاڵی تێدا نییە، سەرەڕای ئەوەش ماوەی رابردوو رێگری زۆرمان کردووە لە چۆنیەتی بەکارهێنان و کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی بۆ پڕۆژەی ناکشتوکاڵی. خودی وەزیر بەدواداچوون و پاڵپشتی داواکاری جووتیارانی دەشتی بەڕانەتی کردووە بۆ پارێزگاری لەو زەوییە بە پیتانە و خاکی ئەو ناوچەیە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی کشتوکاڵ بە نووسراوی ژمارە 138 لە 13-06-2024 سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاگادار کردووەتەوە و بۆچوونی خۆیان لە 7 خاڵدا بۆ خستوونەتەڕوو، کە "لە خاڵی یەکەمدا بە روونی ئاماژەمان کردووە بە پاراستنی زەوی بەپیتی کشتوکاڵیی و نەکوژاندنەوەی ئەو زەوییانە لە پێناوی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەردەوامبوونی کاری جووتیاری".
 
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "کوژاندنەوەی زەوییەکانی ئەو ناوچانە بە نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3392) لە 23-07-2024 بووە و دەسەڵات دراوە بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ کوژاندنەوەی راستەوخۆی زەوییەکان، ئەوەش لەسەر پێشنیازی کۆنووسێکی تایبەت بە وەزارەتی شارەوانی بووە و بە هیچ جۆرێک وەزیری کشتوکاڵ ئاگادار نەبووە".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی کشتوکاڵ نووسراوێکی بە ژمارە 283 لە 13-11-2024 ناردووە بۆ نووسینگەی وەزیری شارەوانی بۆ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش، بە نووسراوی ژمارە 37 لە 13-01-2025 وەڵام دراونەتەوە و وەزارەتی شارەوانی گوتوویەتی، "پێیان باشە کۆبوونەوە بکەوێتە دوای پێکهێنانی کابینەی دەیەم، ئەویش بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پلانی کوژاندنەوە و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا".
 
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "جەختمان کردووەتەوە لەسەر رەچاوکردن و پارێزگاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و گۆڕینی ئاراستەی کوژاندنەوەی زەوییە بە پیتەکانی کشتوکاڵی بۆ دابینکردنی زەوی بەردەڵانی بەپێی نەخشەی ناوچە پێشنیازکراوەکان. داواشمان کردووە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ بکرێت بۆ یەکلاکردنەوە و دیاریکردنی ئەو زەویانەی کە تەرخان دەکرێت بۆ فەرمانبەران".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

لە لیبیا 42 کۆچبەری کورد دەستگیر دەکرێن؛ زۆربەیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕینن

ماوەی شەش رۆژە 42 گەنجی کۆچبەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە زۆربەیان دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینن، لە کەناراوەکانی لیبیا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە