لەسەر سکاڵای 'مام ڤاندام' کەسایەتییەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر سکاڵای شێرزاد عەبدولوەهاب [ناسراو بە مام ڤاندام] بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، کەسایەتییەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دەستگیرکردووە کە بە "کاروان بەرخەسپی" ناسراوە
 
رۆژی پێنجشەممە،11-04-2024 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر سکاڵای شێرزاد عەبدولوەهاب ئەو کەسایەتییەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن پۆلیسی راپەڕینەوە دەستگیرکراوە." 
 
شێرزاد عەبدولوەهاب کەسایەتییەکی بەنێوبانگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە کاتی کردنەوەی دەرگەی خۆبەربژێری کردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەکو بەربژێری سەربەخۆ بەشداری کردووە، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە تیروپشکێکدا ژمارە 135 پێدرا. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەو کەسایەتییەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیرکراوە. 
 
کاروان، کە ناسناوی 'کارەی بەرخەسپی یان کاروان بەرخەسپی'یان لێناوە، گەنجێکی کوردە یەکێکە لە کەسایەتییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پلاتفۆڕمە جیاوازەکاندا "لایڤ" دەکاتەوە.
 
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، "کاروان لە یەکێک لە لایڤەکانیدا قسەی نەشیاوی بەرامبەر بە شێرزاد عەبدولوەهاب کردووە و ئەویش سکاڵای لە دژی تۆمار کردووە."