زۆرترین باران لە لوڕستان و کەمترین لە کرماشان باریوە

11-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شەپۆلێکی بارانبارین رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە؛ لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە شارۆچکەی ئیمانئاوای سەر بە شاری خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستان و کەمترین بڕیش لە شارۆچکەی حمێلـی لە پارێزگای کرماشان بووە.
 
لوڕستان
 
بەهروز مورادپوور، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای لوڕستان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین باران لە شارۆچکەی ئیمانئاوای سەر بە شاری خوڕەمئاوای لوڕستان باریوە کە 50.6 ملیمەترە و کەمترین بڕیش لە شاری کویەشت بووە کە 20 ملیمەتر بووە.
 
بە گوتەی مورادپوور، هەر لەو ماوەیەدا لە رێملە 43.5 ملیمەتر؛ بروجێرد 41.7 ملیمەتر؛ سیلاخور 40.1 ملیمەتر؛ خوڕەمئاوا 39.8 ملیمەتر؛ روومشکان 39.2 ملیمەتر؛ شولئاوا 35 ملیمەتر؛ ئەلیگودەرز 34.3؛ دووروود 32.4 ملیمەتر؛ لئەزنا 32.1 ملیمەتر؛ سەراب دورە 31.6 ملیمەتر؛ ئەلشتەر 27.2 ملیمەتر؛ سپیدەشت 25.1 ملیمەتر و پوڵدوختەر 22.4 ملیمەتر باران باریوە.
 
مورادپوور دەڵێت، تێکرانی بارانی باریو لە سنووری پارێزگای لوڕستان لە 24 کاژێری رابردوودا 35 ملیمەتر بووە.
 
کرماشان
 
کەشناسی پارێزگای رماشان دەڵێت، زۆرترین بڕی بارین بە 32.9 ملیمەتر لە شاری قەسری شیرین بووە و کەمترین بڕیش لە شارۆچکەی حمێل بووە کە تەنیا 0.4 بووە.
 
لە شارەکانی سونقور، گیەڵان، سەرپێڵی زەهاو و جوانڕۆش باران باریوە، بەڵام ئامارەکە لەو شارانە بڵاونەکراوەتەوە. 
 
لە شاری کرماشان بارینی باران بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو لە شەقامەکان و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروست کرد.
 
لە سەلاسی باوەجانی تەرزە باری و لە ماوەیەکی کەمدا شەقامەکانی سپییپۆش کرد.
 
بارینی تەرزە لە هەندێ ناوچە زیانی بە کشتوکاڵ و باخ گەیاند. تەنیا لە شاری سەرپێڵی زەهاو 100 هێکتار باخ زیانی بەرکەوت. 
 
سەدروڵڵا بابولی، قایمقامی سەرپێڵی زەهاو دەڵێت، پسپۆڕانی کشتوکاڵ لە هەوڵدان قەبارەی زیانەکان دەستنیشان بکەن و "ئەو جووتیار و باخەوانانەی بەرهەمی کشتوکاڵ و باخیان بیمە کردووە، قەرەبوو دەکرێنەوە."
 
سنە
 
شەپۆلی باران پارێزگای سنەشی گرتەوە و بە پێی کەشناسیی ئەو پارێزگایە، کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.
 
ئارەش ئاریانەژاد، بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگای سنە ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە 24 کاژیری رابردوودا زۆرترین بارینی باران لە شاری بانە بووە کە 48.4 ملیمەتر بووە.
 
بە گوتەی ئاریانەژاد، لە شاری کامێران 47.4 ملیمەتر، لە سنە 38.7 ملیمەتر، لە قوروە 37.3 ملیمەتر، لە سەقز 28.5 ملیمەتر و لە شاری مەریوانیش 23.8 ملیمەتر باران باریوە.
 
ورمێ
 
لە دوو رۆژی رابردوودا لە زۆربەی شار و ناوچەکانی پارێزگای ورمێش باران باریوە. 
 
بە پێی کەشناسیی ورمێ، زیاترین باران لەو پارێزگایە لە بۆکان بووە و لە 48 کاژێری رابردوودا 35.3 ملیمەتر باران باریوە؛کەمترین بە 6 ملیمەتر لە پۆڵدەشت بووە.
 
هەروەها لە شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە بڕی بارینی باران لە 48 کاژێری رابردوودا بەم شێوەیە بووە: 
 
لە شاهیندژ 33.8 ملیمەتر؛ تیکاب 26.2؛ میاندواو 33.4؛ ماکۆ 26.8؛ سەردەشت 33.1؛ ورمێ 20؛ مهاباد 20؛ پۆڵدەشت 6؛ نەغەدە 21.7؛ پیرانشار 39؛ شنۆ 36؛ سەڵماس 27.6؛ چاڵدێران 26؛ خۆی 10.8 و تیکاب 10 ملیمەتر.
 
ئیلام
 
کەشناسیی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە 48 کاژێری رابردوودا زۆرترین بڕی باران لە شارۆچکەی ئاسماوە سەر بە قەزای چەرداول باریوە کە 48 ملیمەتر بووە.
 
کەمترین بڕی باران لەو پارێزگایە باریبێت 3.6 ملیمەتر بووە لە شاری میهران؛ لە شاری ئیلامیش 12.3 ملیمەتر باران باریوە کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکانی شارەکە.
 
لە شاری دێلورانیش تەرزەیەکی زۆر باری و بەو هۆیەوە زیان بەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کەوت.
 
غولامعەباس کورد، جێگری قایمقامی دێلوران ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، تەرزە زیانێکی زۆری هەبووە و خەریکی مەزەندەکردنی قەبارەی زیانەکەن.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە