لە رۆژانی جەژندا 70 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی ئێران دەڵێت، لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا 70 کەس لەو وڵاتە بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی نیسانی 2024، حەسەن موئمنی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی ئێران رایگەیاند، "لە رۆژانی 9 و 10 و 11ی نیسانی ئەم ساڵدا 70 کەس لە سەرانسەری ئێران بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 223 کەسی دیکەش بریندار بوون".
 
حەسەن موئمنی گوتی، بەراورد بە ساڵی رابردوو، گیانلەدەستدان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لە رۆژانی جەژندا بە رێژەی 63٪ کەمبووەتەوە؛ ژمارەی بریندارانی رووداوەکانیش بەراورد بە هەمان ماوە بە رێژەی 17٪ کەمبووەتەوە.
 
بە گوتەی حەسەن موئمنی، نزیکەی 44٪ی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەهۆی پابەندنەبوونی شۆفێرانەوەیە بە رێنماییەکانی هاتووچۆ.
 
رۆژی 7ی نیسانی 2024یش ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە 15-3-2024ـەوە تاوەکو ئەو رۆژە، 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران روویانداوە و لە ئەنجامدا 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.