رۆژانی جەژن کوشتارگەکانی هەرێمی کوردستان دادەخرێن؛ 'دووکان نییە گۆشت بکڕین'

12-04-2024
نزار جەزا
نەبوونی کوشتارگەکان لە جەژندا، گرفتی بۆ هاونیشتمانییان دروست کردووە
نەبوونی کوشتارگەکان لە جەژندا، گرفتی بۆ هاونیشتمانییان دروست کردووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوشتارگەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنانەی ئاژەڵی تێدا سەردەبڕدرێن لە رۆژانی جەژندا کراوە نین، ئەوەش گرفتی بۆ هاونیشتمانییان دروست کردووە و دەڵێن، لە رۆژانی جەژندا ناتوانن گۆشت بکڕن
 
رووداو لە بەدواداچوونی بەدوای بابەتەکە، لەنێو بازاڕی سلێمانی دوو هاوژینی بینی، ئەوان باسیان لەوەکرد، میوانیان هەیە و چوونەتە بازاڕ گۆشت بکڕن، بەڵام دووکانەکان داخراون و ئەمەش وایکردووە بەدەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە. 
 
سروە حەسەن، کابانی ماڵە بە رووداوی گوت، "هەموو گۆشتفرۆشەکان داخراون، نابێت بەو جۆرەبێت، ئەم شارە شارێکی گەورەیە، دەبێت دووکانەکان بکرێنەوە، بۆیە پێم ناخۆشە، پێشووتریش چونکە مووچەمان وەرنەگرتبوو، نەمانتوانی گۆشت زۆر بکڕین و بۆ جەژن دایبنێین، دواتریش کە مووچەمان وەرگرت، ئێستا هاتووین گۆشت بکڕین، بەڵام دووکان نییە."
 
نزار محەممەد، خانەنشینە و دەڵێت، "جەژنە و دووکانەکان نەکراونەتەوە، بەڵام دەبوو کراوەبن، هاتین گوتمان بەڵکو کەمێک گۆشت بکڕین ئەویش نەبوو."
 
لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان هەمان گرفت هەیە، کوشتارگەکان تاوەکو رۆژێک پێش جەژن کاردەکەن و لە رۆژانی جەژن کارناکەن، هەر بۆیە گۆشتفرۆشەکانیش گۆشتیان نامێنێت و دایدەخەن.
 
ئاسۆ عومەر، نوێنەری گۆشتفرۆشەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "عادەت وایە هەموو گۆشتفرۆشەکان لە رۆژانی جەژن داخراون، بەهۆی داخستنی کوشتارگەوە، کە کوشتارگەش نەبێت ناتوانین ئاژەڵ سەربڕین، چونکە بەبێ مۆر ئاژەڵ بفرۆشین لەلایەن لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی و قایمقامیەتەوە سزادەدرێین."
 
بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک ئاژەڵی وەک مەڕ و بزن و رەشەوڵاخ لەکوشتارگەکانی هەرێمی کوردستان سەردەبڕدرێن و دەخرێنە بازاڕەوە.
 
کردنەوەی گۆشتفرۆش و کوشتارگەکان پێویستی بە بڕیارێکی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکانە، بۆئەوەی هاونیشتمانییان بتوانن هەرکاتێک بێت گۆشت بکڕن.
 
بەدرێژایی هەموو جەژنەکانی ساڵانی پێشوو دووکانی گۆشتفرۆشەکان داخراون، ئەمەش بەهۆی داخرانی کوشتارگە و کەمی فرۆشەوە، بۆیە گرفت بۆ هاونیشتمانییانە دروستبووە و داواکارن لە رۆژانی جەژندا بەشێک لە دووکانی گۆشتفرۆشەکان کراوەبن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گفتوگۆی هیوا جەمال و ئەمجەد محەممەد

سبەی یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ بۆچی سەڵاحەدین بەهائەدین دەکەنەوە ئەمیندار؟

سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین بۆ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئەمجەد محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دەڵێت، "ئەوە کۆتایی هاتووە" کە جارێکی دیکە دەیکەنەوە ئەمیندار. گوتیشی: "لە کۆنفرانسەکاندا کۆتایی بەوە {هەڵبژاردنەوەی ئەمیندار} هاتووە".