پۆلیسی ئیلام بۆ ژنان: پابەند نەبن بە باڵاپۆشی، سزادەدرێن
رووداو دیجیتاڵ
وەزری سەرما لە ئیلام کۆتایی هاتووە. لەگەڵ هاتنە پێشەوەی گەرما، باڵاپۆشیش هێدی هێدی پاشەکشێ دەکات و گرێی لەچکەکان شل دەبنەوە. پۆلیسی پارێزگای ئیلام بەرلەوەی کار لە کار بترازێت ویستوویەتی دەستی خۆی پێشبخات و دەڵێت، ژنان دەبێت پابەندی باڵاپۆشی بن
پۆلیسی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، "لە رۆژی شەممەوە (13-04-2024) رێوشوێنەکانی پابەندبوون بە باڵاپۆشی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان تووندتر دەکرێت، ژنان دەبێت پابەندی باڵاپۆشی بن." هۆشداریشی داوە هەر ژنێک پابەندی باڵاپۆشی نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەو هۆشدارییە لە کاتێکدایە گوشارەکانی دەسەڵات بۆ پابەندکردنی ژنان بە باڵاپۆشیی ناچاریی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر تووند نین و لە زۆر شوێنیش چاوپۆشی لە شێوازی جلوبەرگی ژنان دەکەن.
دواتریش پۆلیسی پارێزگای ورمێ و رۆژی چوارشەممە 10ـی نیسانی 2024 پۆلیسی تاران، هەموویان دوای گوتارەکەی رێبەری ئێران راگەیێنراوی هاوشێوەی پۆلیسی ئیلامیان بڵاوکردەوە.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "بێگومان کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ نادات خەڵک ناچار بکات پابەندی رێوشوێنە ئایینییەکان بن. بەڵام لە بەرامبەر پێشێلکردنی رێوشوێنەکانیشدا ئەرکی لەسەر شانە. نابێت کەمتەرخەمی بکەین. بەرپرسان، خەڵک و رێنوێنیکاران بە چاکە دەبێت ئەرکەکانیان راپەڕێنن."
لە دوای خۆپێشاندانەکانی پایزی 2022 زۆر لە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەچکەیان فڕێداوە. حکومەتی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ژنانە، هەوڵیدا بە سزادان و بێبەشکردنیان لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ناچاریان بکات پابەندی باڵاپۆشیی بن.
پەرلەمانی ئێرانیش ماوەی نزیکەی ساڵێکە کار لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی پابەندنەبوونی بە باڵاپۆشی دەکات. بەڵام لەبەر هەستیاری بابەتە هێشتا نەیتوانیوە پەسندی بکات. پەرلەمانتاران ئێستا دەڵێن، تاوەکو هەفتەی داهاتوو بڕیاری لەسەر دەدەن.
بە گوتەی مەهدی باقری، پەرلەمانتار "هەر کەس پابەندی باڵاپۆشی نەبێت، بە پارە سزا دەدرێت، دواتر دۆسیەی دادوەریی بۆ دەکرێتەوە و لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش دەکرێت و گەشتی دەرەوەی لێ قەدەخە دەکرێت."