رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەی لە چیای گارە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش باس لەوە دەکات 3 سەربازی سوپای تورکیای کوشتووە و سێ سەربازی دیکەی بریندارکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی نیسانی 2024، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، جموجوڵی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکەی لە چیای گارە لە پارێزگای دهۆک بەدیکردووە و لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیانەوە بۆردوومانکراون و لە ئەنجامدا سێ گەریلایان گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، لە شەڕکردنیان دژی گەریلاکان بەردەوام دەبن و لە هەر شوێنێک بێت، دەیانکەنە ئامانج.
رۆژی 3ـی نیسانی 2024یش ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە کە وەک باڵی چەکداریی پەکەکە دادەندرێت، کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی سێ سەربازی دیکەی لە ئەنجامی هێرشێکی گەریلاکان بۆ سەر بنکەیەکی سوپای تورکیا لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ