لە گوندێکی زاخۆ چینوتوێژە جیاجیاکان بەیەکەوە جەژنی رەمەزان پیرۆز دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندی باگولاتکێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەیانیی رۆژی جەژن دانیشتووانی گوند کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ نانی جەژن دەخۆن. کریستیانەکانیش لەم خۆشییەی موسڵمانان بەشداری دەکەن. 
 
شێخ جبری، کەسایەتییەکی گوندەکەیە و ساڵانە لە بەیانیی رۆژی جەژندا لەژێر دروشمی 'چێشتی یەکگرتن' نانی بەیانی بۆ سەروو 200 کەس ئامادە دەکات. 
 
شێخ جبری دەڵێت، "خواردنی نانی بەیانی بەیەکەوە، یەکەم شت، کاتێک بەمشێوەیە یەکدی دەبینین، ئەم گەنج و بەتەمەن و منداڵانە دەبینین، جەژنمان دەبێتە دوو سێ جەژن. ئێستا ئەگەر بە تەنیا لێرە بووینایە و تەنیا چوار کەس بواینە، ئەم خۆشییە نەدەبوو. ئێستا کاتێک بەمشێوەیە یەکدی دەبینین و تەبیایی و خۆشەویستیی لەنێوانماندا زیاتر دەبێت." 
 
بەشداریکردنی کریستیانەکان دیمەنێکی دیکەی بالكێشی رێوڕەسمەکە بوو. 
 
باسم یەعقووب، دانیشتووی گوندی لێڤۆ یە، هەموو جەژنێک لەگەڵ ژمارەیەک کریستیانی دیکەی گوندەکانی دەوروبەر بۆ پیرۆزبایی جەژن سەردانی گوندی باگولاتکێ دەکات. 
 
باسم دەڵێت، "ئەم پێکەوەژیانە بە تایبەت لەم دەڤەرە و بە گشتی لە کوردستان شتێکی دێرینە. کریستیانەکانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ برا موسڵمانەکان هەمووی بەیەکەوە لەم رێوڕەسمانەدا بەشدار دەبن. لە گوندی باگولاتكێ بە دەیان و سەدان کەس بەشداربوونە، ئێمەش وەکو کریستیانەکانی ئەم دەڤەرە لەگەڵ برا موسڵمانەکان بەشداریمان لەم بۆنەیەدا کردووە. ئەمە کولتوورە." 
 
ئامانج لە رێکخستنی نانی جەژن بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و یەکگرتنی گوندەکەیە. ئەمەش دەرفەتی زیاتری تێکەڵبوون بۆ نەوەی نوێ دەڕەخسێنێت. 
 
دژوار تەیار، دانیشتووەکی گوندەکەیە و دەڵێت، "بەبۆنەی ئامادەکردنی نانی جەژن، تەباییەکی گەورە کەوتووەتە نێو گوندەکەوە. خەڵکی زیاتر بەیەکدی ئاشنا دەبن. نەوەی نوێ زیاتر یەکدی دەناسن، زیاتر تەبایی دەکەوێتە نێویان. ئەمە شتێکی خۆشە."
 
شەوکەت مەلا تەها، کەسایەتییەکی گوندەکەیە و دەڵێت، "لەدوای ئەنفال، گوندەکان نەمان. سەبارەت بە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، لە زاخۆ هەر کەسەو لە ماڵی خۆی دەژیت، بەڵام لەم بۆنانەدا، هەموومان کۆدەبینەوە؛ بە نەوەی کۆن و نوێمانەوە، بەوانەی لە شار و گوندەکانیشن، بەمەش هەیکەلێکی دیکەی خێزان لەنێوماندا دروست دەبێت."
 
بەشێوەیەکی گشتی، خواردنی سەرەکی لە بەیانیی رۆژی جەژن قەلیە و قەیماخ و شیرەمەنیی دیکەن. 
 
جەژن و نانی بەیانی و گوند، باگولاتییان لە یەکدی کۆدەکاتەوە. ساڵانە ئەم کولتوورە لەنێو زۆربەی هۆز و گوندەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیندوو دەکرێتەوە.