لە چوار رووداوی هاتووچۆدا لە رووها دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان چوار رووداوی هاتووچۆ روویاندا و بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 10ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە 10ـی نیسانی 2024 لە شارۆچكەی سوێرەگ ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستدا.
هەمان رۆژ لە شارۆچکەی ئەیوبییە، ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێک پێکیاندادا و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێكی دیکەش بریندار بوو.
جگە لەوەش دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی نێوان وێرانشار و سوێرەگ پێکیاندادا. لە رووداوەکەدا حەوت کەس بریندار بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە سوێرەگ.
لە رووداوی چوارەمدا، کە لەسەر رێگەی نێوان رووها-سوێرەگ روویدا، سێ کەس بریندار بوون.