فێستیڤاڵی رۆژی رواندز؛ ساڵیادی بوونی شارەکە بە پایتەختی میرنشینی سۆران

11-04-2023
ئەندام جەبار
 13ـیەمین فێستیڤاڵی رۆژی رواندز
13ـیەمین فێستیڤاڵی رۆژی رواندز
نیشانەکردن رواندز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەموو ساڵێک لە 10ـی نیسان، کە یادی بوونی رواندزە بە پایتەختی میرنشینی سۆران، فێستڤاڵی رۆژی رواندز سازدەکرێت و خەڵکی شارەکە بە بەشداریکردن لە چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان، یادەکە بەرزڕادەگرن.
 
لە 10ـی نیسانی ئەمساڵیشدا 13ـیەمین فێستیڤاڵی رۆژی رواندز، گەنج و پیری ئەو شارەی کۆکردەوە. رواندزییەکان لە خۆشەویستییان بۆ مێژووی بوونی شارەکەیان بە پایتەختی میرنشینی سۆران لە 10-4-1826، یادەکەیان کردەوە.
 
ئاسوودە عەبدولعەزیز، هاونیشتیمانیێکی رواندزە و دەڵێ "ئەمە سێزدەیەمین فێستیڤاڵە تێیدا بەشدارم، هەر ئاوەدان بێت رواندز. سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ هەموو دەستکەوتەکانی".
 
رواندزییەکی دیکە بەناوی شیلان مەلا تۆفیق دەڵێ "رواندز شاری منە، ژیانی منە. رواندز بۆ من زۆر خۆشەویستە، بۆیە هەرجارێک رۆژی رواندز دێت، ئێمە ئامادە دەبین".
 
حەمەد رواندزییش بەمشێوەیە باسی خۆشەویستیی خۆی بۆ شارەکەی دەکات "رواندز، دایکمە، باوکمە، منداڵمە، کوڕمە و هەموو شتێکمە. لای من، رواندز لە هەموو شتێک خۆشەویستترە".
 
لە چوارچێوەی بڕگە و بەرنامەکانی فیستڤاڵی رۆژی رواندز، بەرپرسانی ئیداری موژدەی ئاوەدانیی زیاتر و خزمەتی زیاتریان بە هاونیشتیمانیانی ئەو شارە دا.
 
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز گوتی "موژدەی بەردەوامیی خزمەتکردن بە خەڵکی خۆشەویستی شاری رواندز دەدەین، کە بەردەوام بین و بەپێی توانا داراییەکانی حکومەت، خزمەتگوزارییەکان بگەیەنین و کار لەسەر پرۆژە ستراتیژییەکان بکەین".
 
هونەر و میوزیک لەگەڵ رواندز دووانەیەکی جیانەکراوەن.
 
ئامانج غازی، لە دەستەی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای پاشای گەورە گوتی " دووبارە ئەمڕۆ لەسەر شانۆین. بۆ یەکەم جارە لە رووداوی خۆشەویستەوە باسی دەکەین؛ ئەمڕۆ تیپی پاشای گەورە لەسەر شانۆ دەبینین وەکو ئامادەکاری و ئامادەسازییەک کە لە یەکی مانگی حەوتی ئەمساڵدا دەتوانم بڵێم فێستیڤاڵێکی گەورە لەو شارە ئەنجامدەدرێت بە ئامادەبوونی سەرجەم هونەرمەندانی شارەکانی کوردستان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانی تیپی مۆسیقای پاشای گەورە".
 
لە کۆی 13 فیستیڤاڵ کە لەژێر ناوی رۆژی رواندز ئەنجامدراون 11ـیان لەنێو سرووشتی ناوچەکەدا بوون، ئەمەش دووەم فێستیڤاڵ بوو بەهۆی بوونی ئەو رێکەوتە لەنێو مانگی رەمەزان، لەنێو هۆڵ و بە بەشداریی کەمتری خەڵک بە بەراورد بە فێستیڤاڵەکانی دیکە سازکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە