هاوژینی پێشمەرگەیەک لە رواندز نەخۆشە؛ هاوژینەکەی زیندانیکراوە و مووچەکەی راگیراوە


رووداو دیجیتاڵ 

فەریدە عەبدوڵڵا، دایکی چوار منداڵە و تووشی نەخۆشیی پێست بووە، بڵق لە پێستیدا پەیدا دەبێت و دەبێتە خوێن و ئاو و دەتەقێت، هاوژینەکەی پێشمەرگەیە، لە 2020ـەوە بە گوتەی خۆیان دوای ئەوەی سەردانی ئێرانیان کردووە بە قاچاخ بۆ چارەسەری نەخۆشی، دەستگیرکراوە. ئێستا مووچەکەی راگیراوە و ژن و منداڵەکانی لە خانووی کرێدا دەژین.
 
پزیشکەکەی فەریدە دەڵێت، ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت، مەترسی لەسەر ژیانی هەیە. سەرۆکی دادگەی سەربازیی یەک لە وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: هێشتا ئەو پێشمەرگەیە لە دادگەی سەربازی حوکمی سزای پاشکۆیی نەدراوە.
 
رۆژی دووشەممە 10-04-2023، فەریدە عەبدوڵڵا لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات باسی نەخۆشییەکەی کرد و گوتی: "لێرە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەم کە پێستە، سەردانی زۆر پزیشکم کرد و منیان بێهیوا کرد. پێستم دەبێتە بڵق و پڕ ئاو دەبێت و دەتەقێت، زۆر ئازاری هەیە، نینۆک و قژم هەڵدەوەرێت."
 
دکتۆر شەمسەدین سادق، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە بەرنامەی بەرپرسیار، جۆری نەخۆشییەکەی فەریدەی باسکرد: گوتی، "بەرگریی لەشی ئەو ژنە دژەتەن دژی یەکێک لە پرۆتینەکانی خانەکانی پێستی خۆی دروستدەکات و دەبێتە هۆی لێکترازانی خانەکانی پێست، ئەوەش دەبێتە بڵق و سووتانەوە دروستدەکات لەسەر پێست و ناو دەم، نەخۆش بێزار دەکات و هەندێکجار تووشی بەدخۆراکیش دەبێت."
 
 
هاوژینی فەریدە عەبدوڵڵا پێشمەرگەریە، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، ساڵی 2020 "بە رێگەی قاچاخ" چووەتە ئێران، وەک فەریدە باسی دەکات، پاسپۆرتیان نەبووە و لە مەرزی کێڵێ-وە چوونەتە ئێران، بەڵام دوای گەڕانەوەیان بۆ رواندز، هاوژینی فەریدە دەستگیرکراوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی هاوژینەکەی، فەریدە عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە رێگەی برادەرێکمانەوە چووینە ئێران کە ئێرانییە و هاوژینەکەی عێراقییە. پێی گوتین، 'لە رێگەی کێڵێ-وە وەرن و هاوکاریتان دەکەین و وەرنە ماڵمان'، بە قاچاخ چووینە ئێران، چونکە پاسپۆرتم نەبوو، کە هاتینەوە، برادەرەکە خیانەتی لێکردین و سکاڵای لەسەر تۆمار کردین؛ گوتیان: ئەوە پێشمەرگەی یەکێتییە و بە قاچاخ هاتووە."
 
سەبارەت بە جۆری چارەسەریی ئەو نەخۆشییە، دکتۆر شەمسەدین سادق دەڵێت: "ئەو نەخۆشییە پێویستی بە چارەسەریی بەردەوامە، هەروەها پێویستە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دیکە جگە لە پێست، بیبینن، لەوانەیە ئەو نەخۆشییە کێشەی تەندروستی لە گورچیلەی دروستبکات، بۆیە دەبێت لەژێر چاودێریی پزیشكدا بێت. نرخی چارەسەرکردنیشی گرانە، بەڵام لێرە دەستدەکەوێت. چارەسەرەکانیش تەنیا نەخۆشییەکە کۆنترۆڵ دەکات، ئەگەر وەریان نەگرێت، مەترسی لەسەر ژیانی دروستدەکات. نەخۆشییەکە هاوشێوەی سووتانە، دەبێت وەک کەیسێکی بەپەلە سەیربکرێت."
 
 
فەریدە عەبدوڵڵا دەڵێت؛ "تەندروستیم زۆر خراپ بوو، هاوژینەکەم چاوەڕوانی نەکرد و گوتی 'دەبێت زوو بڕۆین.' لە دۆخێکی وەها نەبووم یەک رۆژ چاوەڕوان بکەم، هەموو لەشم برین بوو، لەسەر نایلۆن پاڵیان دەخستم نەک بەتانی، ئاو و خوێن لە لەشم دەهات، رۆژانە هەشت دەنک حەپم دەخوارد هەر ئاو و خوێن لە لەشم نەدەوەستا."
 
فەریدە دایکی چوار منداڵە؛ ئێستا بە دۆخێکی ئابووریی سەختدا تێدەپەڕێت و کەسێکییان نییە بژێوییان بۆ دابین بکات. سێ لە منداڵەکانی قوتابین؛ کچێکی دەڵێت: "ئازادبوونی باوکم تاکە شتە بتوانێت هەموو سەختییەکانی ژیانم نەهێڵێت."
 
دادوەر کوردەوان نەقشبەندی، سەرۆکی دادگەی سەربازیی یەک لە وەزارەتی پێشمەرگە لە بەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی: "هاوژینی فەریدە لە دادگەی تاوانی 2ـی هەولێر حوکمەکەی بڕیاری کۆتایی وەرگرتووە، بەپێی ماددەی 1 لە یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003ـی پەرلەمان، لەوێش دەستەی دادگە ماددەی 132ـیان بۆ بەکارهێناوە و حوکمەکەیان کەمکردووەتەوە، چونکە خۆی تاوانەکە تاوەکو زیندانیکردنی تاهەتایی دەڕوات، بەڵام حوکمەکە کراوەتە چوار ساڵ."
 
سەرۆکی دادگەی سەربازیی یەک لە وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە مووچەی ئەو پێشمەرگەیە بڕابێت و دەڵێت: وەرگرتنی نیو مووچە مافی خۆیەتی، لە یاسای دادگەی سەربازی ماددە 103 دا هاتووە، تا ئەو کاتەی بە تەوقیف هەژمارکراوە مافی خۆیەتی نیو مووچەیان بۆ خەرجبکرێت. هەرکاتێک لە دادگەی سەربازی بڕیار دەرچوو بێگومان لە بڕگەیەکی بڕیارەکە ئاماژە بە شایستە داراییەکانی دەکەین، بۆی جێگیردەکەین و مووچەکە وەردەگرێت ئەگەر وەرینەگرتبێت.

 

 
لەبارەی هۆکاری نەگەیشتنی بڕیارە پەسنکراوەکەی دادگەی تاوانەکانی 2ـی هەولێر بۆ دادگەی سەربازی، دادوەر کوردەوان نەقشبەندی، دەڵێت، بەپێی یاسا لە ماوەی راگیرانی تۆمەتبار، نیو مووچە دەدرێت؛ "کاتێک کە رێکخستنی پەڕاوی بۆ دەکرێت، پێویستە لەوێ کە لە لیوای 7ـە، ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوە کاتێک رێکخستنی پەڕاوی بۆ دەکات، کۆپییەکی پەسنکراو لەنێو پەڕاوی دادگەی تاوانەکانی 2ـی هەولێر هەبێت، بەڵام لەنێو پەڕاوەکە بڕیارە پەسنکراوەکەی تێدا نییە و چاوەڕوان دەکەین بە پەسنکراوی بێتە لامان و ئێمەش حوکمەکە دەربکەین و لای ئێمە هیچ کێشەیەکی نییە."
 
دادگەی سەربازی ئامادەیی نیشانداوە کە لە رێگەی دادگە پارێزەرێک یان کارمەندێکی دادگەکەیان راسپێرن و بچنە دادگەی تاوانەکان و بڕیارەکە بە پەسندکراوی بێنن؛ "رەنگە بەپێی مادەی 22ـی سەربازی، لە ریزەکانی پێشمەرگە دەربکرێت، تەنیا یەک چانسی هەیە، کە دوورنەخرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو پێشمەرگەیە خزمەتی لە 15 ساڵ زیاتر بێت، خانەنشین دەکرێت."
 
بە گوتەی هاوژینی ئەو پێشمەرگەیە، خزمەتی سەربازیی ئەو پێشمەرگەیە زیاتر لە 15 ساڵە. فەریدە عەبدوڵڵا، دەڵێت: "نیڤشکانم، داوا لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم بە کەیسەکەدا بچنەوە و هاوژینەکەم ئازادبکەن. کرێچیم و هیچ شتێکم نییە کە پێی بژیم، ئەگەر خێرخواز نەبێت ناتوانم بژیم."
 
عەدنان رەشید، پرۆدیوسەری بەرنامەی بەرپرسیار بەشداربووە لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە