رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، پلانێکی چوار ساڵەیان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داناوە و یەکێک لە پرۆژەکانیش دروستکردنی بەنداوێکی گەورەیە بە گوژمەی 95 ملیۆن دۆلار.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد، کە لە پاشیڤدا پەخشکرا. گوهدار شێخۆ گوتی "پلانێکی چوار ساڵەمان بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داناوە، یەکێک لە پلانەکان ئەوەیە دوو ناحیەی دیکە زیادبکرێن، هەروەها سەرۆکوەزیران رەزامەندیی لەسەر دروستکردنی بەنداوێکی گەورە لە زاخۆ داوە، ئێستا دیزایینی بۆ دەکرێت و رەنگە ئەمساڵ دەستپێبکرێت، کە نزیکەی 95 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت".
گوهدار شێخۆ سەبارەت بە پرۆژەکانی ئیدارەکە، گوتی "65٪ـی جادەکانی زاخۆ قیرتاو نەبوون، بۆیە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 108 کیلۆمەتر قیر بکرێت و قۆناخی یەکەمیش دەستپێکراوە".
لەبارەی پرۆژەی کۆرنیشەوە، کە پرۆژەیەکی گەشتیارییە لەسەر رووباری خابوور لە ناوەندی زاخۆ دروست دەکرێت، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتی "14 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە و ئەگەر باران بوار بدات، لە ماوەی مانگێکدا تەواو دەبێت".
سەبارەت بەو بەنداوەی دروستدەکرێت، گوهدار شێخۆ دەڵێت، شوێنەکەی لەسەر رووباری خابوورە لەنزیک سەنتەری شار دیاریکراوە. بۆ کارەبا، کشتوکاڵ و ئاو، هەروەها لە بواری گەشتیاریشدا سوودی زۆری دەبێت.
لەبارەی ئاوەڕۆشەوە گوتی "لە تەندەرینە و قۆناخی یەکەم 10 کم دروست دەکەین بە گوژمەی 50 ملیار دینار".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ