گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر: 3 مانگ لەبەردەم خەڵک ماوە چەکە بێ مۆڵەتەکانیان تۆماربکەن
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 7ـی ئەم مانگە لە قەزای خەبات بەهۆی دەمەقاڵێوە لەنێوان دوو گەنجدا بۆ ماوەی نیو کاژێر تەقە لەنێوان دوو خێزاندا روویدا و هەرێم محەممەدی تەمەن 30 ساڵ پێشمەرگە و باوکی سێ منداڵ کوژرا. دوای رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان چوونە نێو قەزاکە و 8 کەسیان دەستگیرکرد. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵیت، بەهۆی هەبوونی چەک لەدەستی خەڵک ئەو رووداوانە دووبارەدەبنەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە "زۆرینەی ئەو کەسانە چەکی دەزگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆیان پێیە".
رۆژی سێشەممە، 11ـی نیسانی 2023، لە بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، بە میوانداری هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بارزان سدیق سوارە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، شوان کەریم محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و فاخر کرمانجی، لێکۆڵینڤان و خوێندکاری ماستەر دیبەیتێک لەبارەی زیادبوونی دیاردەی تەقەکردن و کوشتن لە قەزای خەبات بەڕێوەچوو.
سێ مانگ بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەستە
حکومەت بۆ نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت یاسای چەکی ژمارە 2ـی ساڵی 2022ـی دەرکردووە و 10 بنکەی پۆلیس لە دەرەوە و ناو شاری هەولێر کراونەتەوە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت. بەگوێرەی رێنماییەکان، دوا وادە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت 21-07-2023یە و هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "ئەگەر لەو وادەیەدا هاووڵاتییان چەکە بێمۆڵەتەکانیان تۆمارنەکەن، حکومەت چەکەکانیان بە چەکی قاچاخ هەژماردەکات".
بە گوتەی هۆگر عەزیز، رۆژانە لە بنکەکانی تۆمارکردنی چەکدا سێ بۆ چوار کەس چەکەکانیان تۆمار دەکەن و پێیوایە ئەوە لەئاست ئەو قەبارە چەکە نییە کە بەدەست هاووڵاتییانەوەیە. بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو چەکانەی تۆماردەکرێن یان دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەسەر دوو جۆری چەکی ئاگرین و چەکی جەنگیدا پۆلێنکراون کە هاووڵاتیی تەنیا دەتوانێت چەکی ئاگرین واتا "کڵاشینکۆف و دەمانچە" تۆمار بکات و دەبێت چەکە جەنگییەکان رادەستی حکومەت بکاتەوە.
لەبارەی ئەو ژمارە زۆرە چەکەی لە قەزای خەبات بەدەست هاووڵاتییانەوەیە، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی: "زۆرینەی ئەو کەسانە، چەکی دەزگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆیان پێیە، بەڵام خەڵکەکەی دیکە بەهۆی ئەوەی هاوسنوورن لەگەڵ موسڵ و دوای ئەوەی شەڕی داعش روویدا، چەکیان هەڵگرت و بوون بە قەڵخنێک بۆ شاری هەولێر، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چەکەکان تۆماربکرێن".
"90٪ـی ماڵەکانی قەزای خەبات چەکیان تێدایە"
بەگوێرەی یاسای قەدەخەکردنی چەکی بێمۆڵەت، تاوەکو مانگی تەممووزی ساڵی 2023 دەبێت سەرجەم چەکە بێمۆڵەتەکان لە هەرێمی کوردستان تۆماربکرێن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش پێیوایە 90٪ـی ماڵەکان لە قەزای خەبات چەکیان تێدایە.
بارزان سدیق سوارە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "لە قەزای خەبات زۆربەی ئەو شەڕ و کێشانەی روودەدەن کۆمەڵایەتین و هەربۆیەش نزیکەی 70٪ی ئەو شەڕانەی دەکرێن، خەڵک ناچن سکاڵا تۆماربکەن و بە چەک کێشەکانیان یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام تەنیا لە قەزای خەبات خەڵک چەکی بێ مۆڵەتیان نییە و ئەو دیاردەیە لە هەموو هەرێمی کوردستان هەیە".
بارزان سدیق پێیوایە، نزیکەی 80٪ـی خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان کەسێکیان ئەندامە لە هێزە ئەمنییەکان، واتا ئەو چەکانەی لە ماڵەکانن بە پلەی یەکەم هی ئەو کەسانەن کە لە دامودەزگاکانی حکومەت دەوام دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک چەکی بێمۆڵەت هەیە کە لای هاووڵاتییە و پێویستە حکومەت بە یاسا چارەسەری بکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر مەزەندە دەکات 90٪ـی ماڵەکان لە قەزای خەبات چەکیان تێدابێت و دەڵێت، لەدوای ئەو رووداوانەی لە چەند رۆژی رابردوو لە خەبات روویاندا، هێزە ئەمنییەکان خاڵی پشکنینیان لەنێو قەزاکە داناوە و دەستیان بەسەر کۆمەڵێک چەکدا گرتووە و لەگەڵ ئەوەش هەندێک هاووڵاتی خۆیان چوون و لە بنکەکانی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت ناویان تۆمارکردووە.
"هیچ هۆزێک لە خەبات دەسەڵاتی لەدەست نییە"
شوان کەریم محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە دەسەڵاتی هۆز لە خەبات بەسەر یاسادا زاڵبووبێت و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "رەنگە زۆر کەس پێیوابێت روودانی ئەو شەڕەتەقە و کێشە زۆرە لە قەزای خەبات بەهۆی دەسەڵاتی هۆزەکانەوەیە، بەڵام پێم وانییە هۆز لە خەبات دەسەڵاتی هەبێت یان بتوانێت خۆی لە سەرووی یاسا دابنێت".
شوان کەریم محەممەد روونیدەکاتەوە: "چەند هۆزێک لەناو قەزاکەدان کە زۆرینەن و کاتێک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی روودەدا، بەهۆی بچوکی قەزاکە، کەسوکاریان خێراتر دەستیان بەیەکتر دەگات و کێشەکان قووڵتر دەبنەوە".
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە: "هیچ هۆزێک یان سەرۆک هۆزێک ناتوانێت بەناوی هۆزێکەوە خۆی بکات بە بەدیلی دەسەڵات و حکومەت، بەڵام داوام هەیە ئەو هۆزانەی لە خەبات زۆرینەن، هاوکاربن بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە لە قەزاکە، لەبەرئەوەی خەڵکێکی خەباتکاری تێدایە و سەنگەری هەرە لەپێشی شەڕی داعش بووە بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان".
"هۆزەکان نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ ژیانی شار بگونجێنن"
فاخر کرمانجی، لێکۆڵینڤان و خوێندکاری ماستەر هۆکاری گرژییەکان لە قەزای خەبات بۆ هەبوونی چەند هۆزێک لەنێو جوگرافیایەکی بچوک دەزانێت و پێیوایە: "هەر هۆزێک لە گوندەوە بەرەو شار کۆچدەکات و تێکەڵاوی ئەمجۆرە ژیانە دەبێت، کۆمەڵیک بیرکردنەوە لە چوارچێوەی هۆزدا دەباتە نێو شارەوە".
دەشڵێت: "بەو حاڵەشەوە 30 هەزار کەس بەو تێڕوانینانەوە لەناو قەزایەکی بچوکی وەکو خەبات وادەکات بەرکەوتن و کێشەی زیاتر لەوەش کە هەیە دروستبێت، لەبەر ئەوەی شێوەی دابەشکردنی جوگرافیای قەزاکە بەجۆرێکە هۆزەکان زۆر تێکەڵ و نزیک لەیەک نیشتەجێن".
گۆران، هەرکی، خەیلانی و سوورکی و بەشێک لە کاکەییەکان لە قەزای خەبات نیشتەجێن. فاخر کرمانجی پێیوایە بەشی هەرە زۆری ئەو شەڕانەی لەو قەزایە روودەدەن، بەهۆی بەرژەوەندی ئابوورییە و بەدەر لە کاکەییەکان، هەموو ئەو هۆزانە خۆیان بە خاوەنی قەزاکە دەزانن و زۆرجار لەسەر خۆبەخاوەنکردنی بۆ نموونە، گۆڕەپانی فرۆشتنی نەوتی قەزاکە شەڕ لە نێوانیاندا دروستبووە".