وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان: لە ئەگەری ناجێگیریی کەشوهەوا پشوو رابگەیێنن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، "دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان دراوە لە ئەگەری نالەباری کەشوهەوا بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، پشووی فەرمی رابگەیەنن."

هەر ئەمڕۆ سێشەممە 11ی نیسانی 2023 بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانى دامەزراوەى کەشناسى و بوومەلەرزەزانیی هەرێمى کوردستان، کە هۆشداریى داوە لەبارەى شەپۆلێکى (باران بارینى بەلێزمە) و (هەورە برووسکە) و (ئەگەرى لافاو)، بۆ ئەم مەبەستە لەپێناو پاراستنى سەلامەتیى گیانى خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەردوو کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت، لەسەر فەرمانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆکى زانکۆکان بۆ ئەوەى لە کاتى پێویست دا پشووى فەرمى رابگەیێنن."

هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە؛ خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکەین و بزانین بە کوێ دەگات، چونکە بەردەوام کەشوهەوا لە گۆڕاندایە."

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێرەکانی داهاتوودا بڕیار دەدەن کە سبەی پشوو دەبێت یاخود نا و هاونیشتمانیانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە ئەمشەوەوە بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بۆ سبەی چوارشەممە 12-04-2023 ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەموو ناوچەکان هەیە.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لە هیچ ناوەندێکی خوێندنی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی مەترسیی لافاوەوە پشوو رانەگەیێندراوە.