پارێزگاری هەولێر: بەگوێرەی دۆخەکە بڕیاری پشوو دەدەین

 
رووداو دیجیتاڵ

هۆشداریی لافاو بۆ سبەی چوارشەممە 12-04-2023 دەدرێت. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەگوێرەی دۆخەکە بڕیار دەدەن کە سبەینێ دەبێتە پشوو یاخود نا و جارێ بڕیاریان نەداوە.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان و پێشبینیی کەشناسان، سبەی چوارشەممە لە هەرێمی کوردستان بارانی بەلێزمە دەبێت و مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە.
 
لەبارەی راگەیاندنی پشووەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە 11-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە؛ خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکەین و بزانین بە کوێ دەگات، چونکە بەردەوام کەشوهەوا لە گۆڕاندایە."
 
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێرەکانی داهاتوودا بڕیار دەدەن کە سبەی پشوو دەبێت یاخود نا و هاونیشتمانیانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.
 
هاوکات نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رووداوی گوت، لیژنەیەک لە پارێزگا پێکهاتووە و لە رێگەی لیژنەکەوە بڕیار دەدرێت کە بکرێت بە پشوو یاخود نا. گوتیشی، جارێ هیچ بڕیارێکیان نەداوە.
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویکردەوە، سەرۆکی زانکۆکانیان سەرپشک کردووە لەوەی سبەی دەکەنە پشوو یاخود نا.