خوێندنی باڵا: دەسەڵاتمان داوە بە سەرۆکی زانکۆکان پشوو رابگەیێنن

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ راگەیاندنی پشوو بەهۆی ئەگەری دروستبوونی لافاوەوە دەسەڵاتیان داوە بە سەرۆکی زانکۆکان.

لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 11ی نیسانی 2023 بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانى دامەزراوەى کەشناسى و بوومەلەرزەزانیی هەرێمى کوردستان، کە هۆشداریى داوە لەبارەى شەپۆلێکى (باران بارینى بەلێزمە) و (هەورە برووسکە) و (ئەگەرى لافاو)، بۆ ئەم مەبەستە لەپێناو پاراستنى سەلامەتیى گیانى خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە هەردوو کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت، لەسەر فەرمانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆکى زانکۆکان بۆ ئەوەى لە کاتى پێویست دا پشووى فەرمى رابگەیێنن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە ئەمشەوەوە بارانبارین لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و بۆ سبەی چوارشەممە 12-04-2023 ئەگەری دروستبوونی لافاو لە هەموو ناوچەکان هەیە.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لە هیچ ناوەندێکی خوێندنی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی مەترسیی لافاوەوە پشوو رانەگەیێندراوە.