رووداو - کەلار
پیاوێکی خەڵکی شارۆچکەی جرف سەخر لە پارێزگای بابل، نۆ ساڵە ئاوارەیە لە کەمپی تازەدێ لە کەلار؛ دوو هاوژین و چوار منداڵی هەیە. ژیانی کەمپ هێزی لێبڕیوە و دەڵێت "بە مەرگیش بێت بمبەنەوە بۆ جرف سەخر."
ئەو پیاوە کە ئاوارەی گەرمیان بووە، لەترسی ئەو هێزانەی ئێستا لە ناوچەکەیاندان، نایەوێت رووخساری دەربکەوێت. ئاوارەکان دەیانەوێت دوای شەش ساڵ لە ئازادکردنی ناوچەکەیان، بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، داوادەکەن حکومەتی عێراق بڕیارێکیان لەبارەوە بدات.
ئاوارەیەکی جرف سەخر دەڵێت، "ژیان لێرە ناخۆشە، لە شوێنی خۆمان هەموو شتێکمان هەبوو، زەویی کشتوکاڵی، باخ و خانوو، بەڵام لێرە هیچمان نییە، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بمانگەڕێنێتەوە بۆ شوێنی خۆمان."
بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی گەرمیان و وەڵام دانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان بێهیوایە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان و دەڵێت، "حکومەتی عێراق ئەگەر دەسەڵاتی لەو هێزە میلیشیایانە گەورەتر بێت، ئەوا دەتوانێت بیانگەڕێنێتەوە، بەڵام چەند ساڵە نەیتوانیوە، دیارە میلیشاکان دەسەڵاتیان لە حکومەت زیاترە، دەبێت حکومەتی عێراق هەوڵی جیدی بدات بۆ گەڕانەوەیان، خراپترین ناوچە کە خەڵکەکەی حەز بکەن بگەڕێنەوە، بەڵام رێگە نادرێت، جرف سەخرە."
شارۆچکەی جرف سەخر لە پارێزگای بابل، بە دووریی 60 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای بەغدا؛ لە ساڵی 2014 شارۆچکەکە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی میلیشاکان.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی گەرمیان 30 هەزار ئاوارەی عەرەب لە گەرمیان دەژین، لەو ژمارەیەش 9400 کەسیان خەڵکی جرف سەخرن و تەنیا 500 کەسیان لە هەردوو کەمپی قۆرەتوو و تازدێ دەژین، ئەوانی دیکە لە شار و شارۆچکەکانی گەرمیانن.
ئاوارەیەک دەڵێت، "بەس بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، لەوێ بشمرین کێشە نابێت، چونکە ئەوکات لە زێدی خۆت بە خاک دەسپێردرێیت، چی تێدایە ئەگەر بگەڕێمەوە زێدی خۆم؟ کەس کاری پێمان نییە."
ئاوارەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، دەوڵەت نایانگەڕێنێتەوە، چونکە "حیزبوڵڵای لێیە، ئەوانە بە گەڕانەوەمان رازی نین. ئاوارەیەکی دیکەش دەڵێت، "بە ناچاری ناوچەکەمان جێهێشت، ئێستا 10 ساڵە لێرەین، کەس ناڵێت، ئێوە کێن و وەرە بگەڕێنەوە، 10 ساڵ تەمەنێکی تەواوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ