هۆشداریی دروستبوونی لافاو لە باشووری کوردستان دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی بارانی بەلێزمە دەکات و کەشناسانیش دەڵێن، سبەی چوارشەممە ئەگەری لافاو لە باشووری کوردستان بەهێزە. 
 
بارانبارین لە دوێنێوە بەشێوەی لاواز هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە؛ پێشبینی دەکرێت لە دوایین کاژێرەکانی ئەمشەوەوە بەهێز بێت و رۆژی چوارشەممە چەقی شەپۆلەکە بێت.
 
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 11-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بارانبارین سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەری لە دوای نیوەڕۆی سبەی چوارشەممە زیاتر دەبێت و بارانی بەلێزمە دەبارێت.
 
هەروەها لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە 11ـی نیسانی 2023 بڵاوکراوەتەوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی دەڵێت: "سبەی چوارشەممە لە رۆژئاوای هەرێمی کوردستان و سنووری پارێزگای دهۆک بارانی بەلێزمە دەبارێت و هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت؛ کاریگەرییەکەی لە دوای نیوەڕۆوە درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری پاڕیزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگای هەولێر، دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک." 
 
کەشناسان: سبەی ئەگەری لافاو لە باشووری کوردستان بەهێزە
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین لە ئەمشەوەوە دەستپێدەکات؛ گوتیشی: "چەقی شەپۆلەکە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و کەرکووک دەبێت." 
 
بەگوتەی ئەو کەشناسە، چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان لە سبەی دوای نیوەڕۆوە بارانی بەلێزمەیان تێدا دەبارێت و ئەگەر روودانی لافاو هەیە. 
 
هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ ئەمشەویش گۆڕانکاری روویداوە و بارانی بەهێز دەبارێت، بەتایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان." 
 
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی لە کاژێرەکانی ئێوارەوە تاوەکو پاشیڤ و نزیک کاژێر 05:00ـی بەرەبەیان ئەگەری لافاو لە هەموو هەرێمی کوردستان بەهێزە؛ گوتیشی: "شەپۆلەکە لە پێنجشەممە لاواز دەبێت و ئەو رۆژە مەترسی بەرزبوونەوەی ئاوی لێناکرێت و هەینی بە تەواوی کۆتایی دێت."  
 
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان: لە ئامادەباشیداین
 
بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو، بەگوتەی بەرگریی شارستانیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، تیمی جیاوازیان پێکهێناوە و لە ئامادەباشیدان. 
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی 3 بۆ 5 پلە، پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراویش لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 20 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 20 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 18  پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 23 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 17 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 26 پلەی سیلیزی