بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: پارەی تەرخانکراوی بودجە بۆ ماددەی 140 زۆر کەمە

11-04-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ئەو بڕە پارەیەی لە رەشنووسی بودجەدا بۆ مادەی 140 تەرخانکراوە "زۆر کەمە." دەشڵێت: "هەندێک لایەنی سیاسی دەیانەوێت بەشێک لەو پارەیە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تەرخانبکرێت."
 
بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کردووە، لە دەروازەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بڕی 100 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 تەرخانکراوە.
 
رۆژی سێشەممە 11-4-2023، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پارەیە زۆر کەمە و بەشی شتێکی ئەوتۆ ناکات، چونکە ئێمە لە ماددەی 140 سێ قۆناخمان هەیە کە ئەوانیش ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتیپرسییە." 
 
قۆناخی یەکەم، بەگوتەی فەهمی بورهان، "پێویستی بە بڕێکی زۆر پارەیە، چونکە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان و رۆیشتنەوەی عەرەبی هاوردە بۆ ناوچەکانی خۆیان و پرسی زەویی و زار و گەڕاندندەوەی موڵکایەتیی زەوییەکان و چەندین پرسی دیکە هەیە، ئەوانەش پێویستیان بە پارەیەکی زۆر هەیە، جگە لە دیاریکردنی سنووری کارگێڕی پارێزگاکان."
 
ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێویستی دەزانێت پێداچوونەوە بە بڕی پارەکە بکرێت و دەشڵێت، لە دوو رۆژی داهاتوو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر دوو بابەت کۆدەبنەوە، یەکێکیان ئەو بابەتە دەبێت.
 
فەهمی بورهان گوتی: "ئێستا کێشەیەکی دیکە هاتووەتە ئاراوە و ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت کە ماددەی 140 تەنیا کەرکووک و ئەو ناوچانە ناگرێتەوە کە لە ماددەکەدا دیاریکراوە، بەڵکو هەندێک لایەنی سیاسیی دەیانەوێت ژمارەیەک پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراقیشی لەگەڵ دابنێن کە ئەوەش وا دەکات ئەو بڕە پارەیەی تەرخانکراوە زۆر کەمتر بێت لەوەی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی ماددەکە و کەرکووک تەرخاندەکرێت." 
 
ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، لە سێ قۆناخ پێکدێت: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی. دەبوواتە تاوەکو 31-12-2007 ماددەکە بەهەر سێ قۆناخەکەیەوە جێبەجێ کرابا. بەڵام تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی جێبەجێ کرا.
 
قۆناخی ئاساییکردنەوە بریتییە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان ئەوانەی بەزۆر دەربەدەرکرابوون، لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئەوانەی هاتبوونە شوێنی دانیشتووانی رەسەنی ئەو ناوچانە، هەردوولاش قەرەبوو بکرێنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.