لە ورمێ دایکێک و دوو منداڵ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

11-04-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێو شاری ورمێ چوار کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلەیە و سێ کەسەکەی دیکە دایک و دوو منداڵن، هەروەها منداڵێکیش برینداربووە و تەندروستیی ناجێگیرە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شەوی رابردوو، لە چوار ریانی وەلفەجری نێو شاری ورمێ ئۆتۆمبێلێکی جۆری پێژۆ 405 وەرگەڕا و دواتر ئاگری گرت. 
 
بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە گەنجێکی کوردە لەگەڵ سێ کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە کە ژنێکی 37 ساڵان و دوو منداڵی تەمەن خوار 12 ساڵانن گیانیان لەدەستداوە و منداڵێکی دیکەش لە رووداوەکەدا برینداربووە کە تەندروستی ناجێگیرە. ژن و منداڵەکان ئازەری زمانن و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون.
 
کەسێکی نزیک لە شۆفێرەکە بە رووداوی راگەیاند، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەهۆی خێرایی زۆر کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستداوە و لە نزیک بەرزەپردی پارکی ساحیلی ورمێ خۆی بە رەسیفەکانی قەراخ رێگەدا کێشاوە و وەرگەڕاوە. دواتر ئۆتۆمبێلەکە بەر ستوونێکی کارەبا کەوتووە و ئاگری گرتووە. پۆلیسی هاتووچۆی ورمێش پشتڕاستی کردووەتەوە، رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆیی بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە