هەر بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی دوو مووچەی هەبێت یەکێکیان دەبڕدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی چەند بانکێکی کردووە داوای راگرتنی مووچەی مانگی ئاداری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەکات. بەرپرسێکی وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێت، پێداچوونەوە بە ناوی سەرجەم بەرکەوتووان دەکرێت، ئەوەی لە سیستمی بایۆمەتری دەرکەوت یەک مووچەی هەیە هیچ گرفتی نابێت، ئەوەشی دوو مووچەی هەبێت یەکێکیان دەبڕدرێت.
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە بە نووسراوی ژمارە 3190 کە واژۆی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی لەسەرە، ئاگاداری بانکی باخان لە سلێمانی، بانکی هەڵەبجە و بانکی شارەزوور کراوەتەوە مووچەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی رابگیرێت.
 
هەر لە نووسراوەکە داوا دەکات بەرکەوتووان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی و هەڵەبجە بکەن بۆ کاری یاسایی پێویست و دواتر بە نووسراوێک بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگاداری بانکەکان دەکاتەوە لە خەرجکردنی مووچەکانیان. 
 
لە بانکی باخان لە سلێمانی 193 بەرکەوتەی کیمیایی مووچە وەردەگرن. فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری ژمێریاریی لە بانکی باخان بە رووداوی گوت، نووسراوەکەیان بەدەستگەیشتووە، بۆیە ئەمڕۆ لە کۆی 193 کەس تەنیا مووچەی 18 کەسیان خەرجکردووە.
 
فەرهاد محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئەوانەی سەردانی بانکەکەیان دەکەن نووسراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانییان پێ بێت و دڵنیابن لەوەی رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە ئەوکات مووچەیان دەدرێتێ.
 
ئەحمەد رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەپێی یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2020 پێویست بوو لیژنەیەک پێکبهێنرێت و پێداچوونەوە بە ناوی هەموو ئەو بەرکەوتووانە بکات کە دوو مووچەیان هەیە، واتا ئەوانەی پێشتر مینحەیەک و مووچەیان هەبوو بۆ ئەوەی هەموویان بۆیان بکرێتە یەک مووچە."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان، راگرتنی مووچەی مانگی ئاداری بەرکەتووان بۆ ئەوەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن و دڵنیاببنەوە لەوەی ئەوانە تەنیا یەک مووچەیان هەیە. دەشڵێت: "ئەوەی دەرکەوت لە سیستمی بایۆمەتری یەک مووچەی هەیە گرفتی نییە، نووسراوی بۆ دەکرێت و دەتوانێت بچێت مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام ئەوەی دوو مووچەی هەبوو دەبێت بکرێتە یەک مووچە و ئەو کات مووچەی مانگی ئادار وەردەگرێت." 
 
لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری شەهیدان لیژنە پێکهێنراوە و پێداچوونەوە بە ناوی سەرجەم بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاری کەسوکاری شەهیدان دەشڵێت، بەگوێرەی یاسای چاکسازیی پێویست بوو زووتر وەزارەتی تەندروستی لیژنەی تایبەت دیاریبکات بۆ پێداچوونەوە بە ناوی بەرکەوتووان، بەڵام بەهۆی دەستبەکارنەبوونی ئەو لیژنانە لەکاتی خۆی ئێستا پێداچوونەوە بە ناوەکان دەکرێت.