سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا؛ هەوڵێک بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان


رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژە نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لە بەغدایە؛ لەوێ سەردانی ژماره‌يه‌ك سه‌ركرده‌ و هێزه‌ سياسييه‌كانى عێراقى كرد و لە کۆبوونەوەکانیدا دۆخى سياسى، ئابوورى، ئه‌منيى عێراق و ئاڵنگارییە‌ جياجیاكانى به‌رده‌م وڵاتەکەی لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێکرد. نێچیرڤان بارزانی پێیگوتوون "دەبێت به‌ دانايى و نه‌رمى مامه‌ڵه‌‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا بكرێت".
 
"دەبێت پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی سەردانی رەوتی سەدری کرد، سەردانی بارەگا سووتاوەکەی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا کرد، لەوێ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لەبارەی سەردانەکەی ئاماژەی بەوە کرد، "کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا پەیوەندی بە بودجەوە نییە و دەبێت پێکەوە چارەسەر بۆ کێشەکان دابنێین."
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی پرسی: "لەبارەی ئەو کۆبوونەوانەی ئەمڕۆ ئەنجامتاندا، هەموو لایەنەکان بە گرنگییەوە باسیان کرد، پێتان وایە ئەنجام و کاردانەوەکانی چی دەبن؟" سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەڵامی دایەوە: "خۆی بەڕای من خودی سەردانەکە بۆ بەغدا و دانیشتن لەگەڵ بەرپرسان هەنگاوێکی زۆر باشە و پێم وایە ئەم پەیوەندییە دەبێت بەردەوام بێت."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە دوای پەسندکردنی یاسای بودجە بە پێویستمان زانی ئەم سەردانە بۆ بەغدا ئەنجام بدەن و یەکەم شت سوپاسی فراکسیۆنەکان بکەین.. کێشەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا تەنیا پەیوەندی بە بودجەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بابەتی ماددەی 140ـەوە هەیە، پەیوەندی بە کەرکووک و شنگال و شوێنەکانی دیکەوە هەیە. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە دەبێت پێکەوە چارەسەر دابنێین بۆ هەموو ئەو کێشانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێیوایە، بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، عێراق بەرەو سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی دەڕوات و هەر پێشکەوتنێک لەوبارەیەوە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقە بە شێوەیەکی گشتی.
 
فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ ئەوەی سەقامگیری و پەیوەندییەکی دروست لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەم سەردانانە گرنگن... کۆبوونەوە و سەردانی بەردەوام هاوکار دەبێت بۆ تێگەیشتنێکی هاوبەش و نەهێشتنی کێشەکان."

 

 
"هەرکاتێک نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە دانوستاندندا کردبێت، وایکردووە هەرێمی کوردستان لە قەیران دەربچێت"
 
دوانیوەڕۆی رۆژی شه‌ممه‌ 10-04-2021 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق كۆبووه‌وه‌. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هاريكارى و هاوئاهەنگيى نێوان دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا تاوتوێکرا، هەروەها باسی هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تاوان و هاريكاريى هه‌ردوولا بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال کرا.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق ستايشى به‌ره‌وپێشچوونى دامه‌زراندنى ميكانيزمه‌ ده‌ستوورييه‌ ناوخۆييه‌كانى كرد و ئاماژه‌ى به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسى دادگەى فيدراڵى و تێپه‌راندنى ياساى بو‌دجه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران دا و هيواى خواست به‌ وردى جێبه‌جێ بكرێت و له‌سه‌ر بنه‌ماى دادگه‌رى له‌ دابه‌شكردنى سامانه‌كاندا، پابه‌ندى پێوه‌ بكرێت.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق هاوڕابوون كه ميكانيزمێكى كارا بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقييه‌كان و پشتگيريى هاوپه‌يمانان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش پێويسته‌ و ده‌بێ كارى له‌سه‌ر بكرێت.
 
یونس هاشم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی ئیسلامی عێراقی بە تۆڕی رووداوی راگەیاند ،"بوونی نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا و بەشداریکردنی لە دانوستاندنەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا لەلایەک و عێراق و ئەمریکاش لەلایەکی دیکە زۆر گرنگە، چونکە بارزانی بیرۆکەی ناوازەی بۆ چارەسەر پێشکێشکردووە."
 
یونس هاشم دەڵێت، "لە راستیدا ئامادەیی نێچیرڤان بارزانی وا دەکات کێشە سیاسییەکان قابیلی چارەسەرکردن بن، ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی پێشەنگە و سەرۆکایەتیکردنی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە تینی زیاتر بە پەیوەندییەکان دەدات."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حیزبی ئیسلامی عێراقی کە هاوکات بەرپرسی نووسینگەی حیزبەکەشە لە هەولێر زیاتر دەڵێت، "تێبینیم کردووە هەرکاتێک نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە دانوستاندنەکاندا کردبێت، کاراکتەرێکی ئەرێنی بووە و وایکردووە هەرێمی کوردستان لە قەیران دەربچێت. ئەم سەردانەش دەرفەتێکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پێم وایە دەبێتە کلیلێکیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق لەگەڵ دەرەوەدا."
 
"ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی واتای دروستکردنەوەی پردی پەیوەندییە"

 

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران) کۆبووەوە، دواتریش لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان کۆبووەوە. 
 
نووسینگەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "لە دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆخی سیاسی  و ئاسایشی عێراق و پێویستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی".
 
عەلا روبەیعی، پەرلەمانتاری سائیروون، کە بەشداریی لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەستەی سیاسیی رەوتی سەدردا کردبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و دەبێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا." ئەو گوتیشی، دەتوانن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکی بەهێز دروستبکەن. 
 
"بێگومان ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، واتای دروستکردنەوە پردی پەیوەندی و هاوئاهەنگییە لەنێوان هەولێر و بەغدا"، ئەمە قسەی کەرەم خەزعەلی، ئەندامی دەستەی سیاسیی رەوتی حیکمەیە بۆ رووداو و گوتیشی، "لەبەرئەوەی خاڵی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا هەیە و هەولێر بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراق، ئێمە بەرژەوەندی هاوبەشمان لە یەکگرتووییدایە، ئێستا ئاراستەی چارەسەر لەسەر رێچکەی راستە و سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەستێکی ئەرێنیمان پێدەدات بۆ چارەسەری هەمیشەیی."
 
محەممەد خالیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی بیارق خەیر لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵی زۆری هەبووە و کێشەی زۆر گەورەی بە سیاسەتە ئەرێنییەکەی چارەسەرکردووە، پێموایە ئەم سەردانە دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێیە."
 

نێچيرڤان بارزانى بانگهێشتى كۆمكارى عه‌ره‌بى ده‌كرێت
 
ئێوارەی رۆژی شەممە و لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌يت، ئەمینداری گشتیی كۆمكارى عه‌ره‌بى كۆبووه‌وه‌. ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌يت سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ردانى باره‌گاى كۆمكارى عه‌ره‌بى له‌ قاهيره‌ بانگهێشت كرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى تاوتوێكراوە و "هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا ئارامى و سه‌قامگيریى بۆ عێراق دابين ده‌كات. دواى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیش، عێراق ده‌بێته‌وه‌ وڵاتێكى به‌هێزى ناوچه‌كه‌ و رۆڵى ناوچه‌يى و نێوده‌وڵه‌تيى خۆى ده‌گێڕێت".
 
هەردوولا جه‌ختيان كردووەتەوە‌ كه‌ "بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختى و ئاڵنگارییەکانی ئه‌م قۆناخه‌، هاريكاريى هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌موو هێز و پێكهاته‌كان پێويست و گرنگه‌."
 
ئەبو‌لغه‌يت لە کۆبوونەوەکەدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووە كه‌ عێراق سه‌رچاوه‌ى مرۆيى و سرووشتيى ده‌وڵه‌مه‌ندى هه‌یە‌. هه‌موو پشتگيرييه‌كى كۆمكارى عه‌ره‌بیشی بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان و تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر دووپاتكرده‌وه‌.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەلایەن ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبییەوە بۆ سه‌ردانى باره‌گاى كۆمكارى عه‌ره‌بى له‌ قاهيره‌ بانگهێشتكرا.
 

 

نێچیرڤان بارزانی و چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان
 
بەرلەوەی سەردانی بەغدا بکات، رۆژی 8ـی نیسان، نێچیرڤان بارزانی، کەسی یەکەمی ژمارەیەکی زۆر لە حیزبەکان و نوێنەری پێکهاتەکانی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆکردەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، په‌يوه‌ندييه ده‌ره‌كييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فه‌ره‌نسا، رۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ هاوكێشه‌ سياسييه‌ تازه‌كاندا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، ديالۆگى ستراتيژيى ئه‌مريكا و عێراق و به‌شدارى و رۆڵى هه‌رێمى كوردستان تێيدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، بارودۆخى ناوخۆ و په‌يوه‌نديى نێوان پێكهاته‌ و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، تاوتوێ كراون.

 

 
کۆبوونەوەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون. لە حیزبەکانیش، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، ئایدن مەعروف لە پێکهاتەی تورکمان و ئانۆ جەوھەر لە پێکهاتەی کریستیانەکان بەشدار بوون.
 
نێچيرڤان بارزانى سوپاسى هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كرد بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى بانگهێشته‌كه‌يان و سازدانى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌يه‌ و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ تاكه‌ رێگه‌ى تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان و پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و پێگه‌ى ده‌ستوورى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزييه‌، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌ چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه‌.
 
"هێشتنەوەی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هونەرێکی سەرکردایەتییە کە لە نێچیرڤان بارزانیدا هەیە"
 
محەممەد حەکیم، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەریی لەبارەی کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دۆخی پەیوەندیی نێوان حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، دۆخێکی خراپە و پێشتر باس لەو کۆبوونەیە کراوە، بەڵام حیزبە سیاسییەکان، بەتایبەت ئێمە، ئامادەییمان نەبووە، بەڵام ئەمجارە بەهۆی ئەوەی هەلومەرجێکی تازە هاتووەتە پێشەوە، بەتایبەت دوای پەسندکردنی بودجەی عێراق، بەباشمان زانی ئەمجارە بەشداری بکەین".
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتیشی "مرۆڤ دەبێت هەمیشە لایەنە چاکەکانیش بڵێت، بەڵێ ئێمە رەخنەمان لە دەسەڵات بە هەموو دامەزراوەکانیەوە هەیە، بەڵام پشکی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم لەوەیە رەخنەی کەمتری لە دامەزراوەکانی دیکە بەربکەوێت، هەمیشە نیازێک لای بەڕێز کاک نێچیرڤان هەبووە، لە هەموو کاتێکدا من وەکو مێژوویەکی سیاسی کە هەمە، هەوڵیداوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا (مووەکەی معاویە) واتە شتێک لەگەڵ هەموو لایەنەکان بهێڵێتەوە، ئەمەش یەکێکە لە هونەرەکانی سەرکردایەتیکردن".

 

 
نێچیرڤان بارزانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
 
لەگەڵ ئەوەی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە دۆخێکی سیاسیی ئاڵۆزدا تێپەڕدەبن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش رۆڵی هەبووە، گرنگترینیان سەردانەکەی بوو بۆ کۆشکی ئێلیزێ لە پاریسی پایتەخت و پێشوازی لێکردنی لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە.
 
رۆژی 4ی نیسان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەوڵە سەرنەکەوتووەکەی کودەتا لە ئوردن، لە تویتێکدا بۆ شا عەبدوڵڵا نووسی، "هه‌موو پشتگیرییه‌ک بۆ خاوه‌نشکۆ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌م، شای شانشینی ئوردنی هاشمی و خانه‌واده‌ی شاهانه‌ و ئارامی و ئاسایش و سه‌قامگیریی ئوردن و گه‌له‌که‌ی دووپات ده‌که‌ینه‌وه و هه‌میشه‌ دڵمان له‌گه‌ڵیاندایه‌ [گەلی ئوردن] و خوای مه‌زن بیانپارێزێت."
 

هەروەها رۆژی 9ی نیسان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی مردنی شازادە فیلیپ، هاوژینی شاژن ئیلیزابێزی دووەم، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا کرد، کە لە تەمەنی 99 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەر بە ناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا کرد و رایگەیاند: "لە ناخی دڵمەوە بەبۆنەی مردنی شازادەی ئێدینبێرگ سەرەخۆشیتان لێدەکەم"، هەروەها گوتیشی "نزا و بیرکردنەوەم لەگەڵ خەڵکی شانشینی بەریتانیا و بنەماڵەی شاهانەیە لەم کاتە سەختەدا".
 
محەممەد خالیدی، سەرۆکی فراکسیۆنی بیارق خەیر لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی:" دوای گەڕانەوەی لە فەرەنسا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ئەجێندایەکی نوێی پێیە بۆ چارەسەر، چونکە پشتیوانی زۆر هەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمی کوردستان بەدیهاتووە، نەک بۆ کوردستانییەکان، بۆ هەموو عێراقیش جێگەی شانازییە، بەڕاستی کە دێیتە هەرێمی کوردستان وادەزانی لە وڵاتێکی دیکەی".
 
لەبارەی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی بیارق خەیر لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت "سەرۆک نێچیرڤان کەسایەتییەکی ناسراوە و خۆی لە بوارەکانی نێودەوڵەتی، ئەمنی، سیاسیی و پەلکێشکردنی وەبەرهێنەرانی بیانی سەلماندووە و رۆڵێکی زۆر گەورەی لە ناوچەکەدا هەیە. بەپێی زانیارییەکانی من، سەردانی دیکەی بۆ وڵاتان دەبێت بۆ زیاتر سەقامگیری لە ناوچەکەدا."