پارێزگاری سلێمانی: دەست بە ئاساییکردنەوەی ژیانی رۆژانەی هاونیشتمانیان دەکەین

 
رووداو - هەولێر

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە سبەینێوە دەست بە قۆناخی ئاسایکردنەوەی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دەکەین و قایمقامی سلێمانی رێوشوێنەکان دیاریدەکات. تەندروستیی سلێمانیش دەڵێت: "پرۆژەیەكمان داوەتە وەزارەتی تەندروستی بە سێ قۆناخ".
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی، بڕیار درا لە سبەینێوە لەناو گەڕەکانی شاری سلێمانی دەست بە قۆناخی ئاسایکردنەوەی کاروباری رۆژانە بکەین و بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان رێگە بەکارکردن دەدەین لە بەشێک لە بوارەکان.
 
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی یەکشەممە قایمقامییەتی سلێمانی رێوشوێنەکانی رێگەپێدان دیاریدەکەن و رێنمایی نوێ لەوبارەوە بڵاودەکەنەوە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی داوە بە پارێزگاکان بەپێی رەوشی شارەکان و پێداویستی هاووڵاتیان ئاسانکاری بکەن بۆ کاروباری رۆژانە.
 
هاوکات د.سەباح هەورامی ، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، پلانمان هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی خەڵك و بۆ ئەوەش پرۆژەیەكمان داوەتە وەزارەتی تەندروستی بە سێ قۆناخ.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی جەختی لەوە کردەوە، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 15 هەزار و 883 پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدراون.
 
بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا 325 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش 145 کەس چاکبوونەتەوە و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.